♦️ زنجیرەی خێزانسازی لە فەرموودەکانی پێغەمبەردا (ﷺ).
♦️ مەرجی ڕازیبوونی ژن و کچ لە پڕۆسەی هاوسەرگیریدا.!
ئیسلام گرنگییەکی بێوێنەی بە خێزان داوە و مافی تەواوی بە ئافرەت بەخشیوە لە هەڵبژاردنی هاوسەری ژیانیدا. دروستبوونی خێزانێکی بەختەوەر و سەرکەوتوو بەندە بە بوونی ڕەزامەندی و ئارەزووی تەواوی هەردوو لایەنەوە. لە ڕوانگەی شەریعەتەوە، هیچ کەس بۆی نییە بە زۆر و بەبێ خواستی خۆی ئافرەت بدات بە شوو. پێغەمبەری خوا (ﷺ) بە ڕوونی سنوری ماف و شێوازی دەربڕینی ڕای ئافرەتانی لە هاوسەرگیریدا دیاری کردووە و فەرموویەتی: (لا تُنكَحُ الأيِّمُ حتَّى تُستَأمَرَ، ولا تُنكَحُ البِكرُ حتَّى تُستَأذَنَ. قالوا: يا رَسولَ اللهِ، وكيفَ إذنُها؟ قال: أن تَسكُتَ). ( پێشەوا بوخاری بە ژمارە (5136) پێشەوا موسلیم بە ژمارە (1419) گێڕاویانەتەوە).
واتە: پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرموویەتی: ژنی بێوەژن مارە ناکرێت هەتا فەرمان و ڕاوێژی پێ نەکرێت، وە کچیش مارە ناکرێت هەتا مۆڵەت و ڕەزامەندی لێ وەرنەگیرێت. هاوەڵان وتیان: ئەی پێغەمبەری خوا (ﷺ)، مۆڵەت و ڕەزامەندیی کچەکە چۆن دەبێت؟ فەرمووی : بەوەی کە بێدەنگ دەبێت (لە شەرمان).
ڕاڤەی فەرموودەکە:
پێغەمبەری خودا (ﷺ) لەم فەرموودەیەدا ڕێگری دەکات لەوەی ئافرەت بە زۆر یان بەبێ ڕەزامەندی خۆی بە شوو بدرێت، و حوکمەکەی دابەش کردووە بەسەر دوو حاڵەتدا:
1- ژنی بێوەژن:
مارە ناکرێت هەتا بە تەواوی ڕاوێژی پێ نەکرێت و خۆی بە زارەکی و بە ڕوونی ڕەزامەندی و فەرمان نەدات. ئەمەش مانای ئەوە نییە پێویستی بە سەرپەرشتیار (وەلی) نییە، بەڵکو دەبێت ڕەزامەندی تەواوی خۆی هەبێت.
2. کچ (بکر):
مارە ناکرێت هەتا پرسی پێ نەکرێت. لەبەر ئەوەی کچ بە سروشتی خۆی شەرم دەکات بە ئاشکرا بڵێت «ڕازیم» یان «شوو دەكەم»، پێغەمبەری خوا (ﷺ) ڕوونی کردەوە کە کاتێک باسی هاوسەرگیرییەکەی لادەکرێت ئەگەر بێدەنگ بوو و ڕەتی نەکردەوە، ئەوە بە نیشانەی ڕازیبوون دادەنرێت.
♦️ وانە و سوود و پەندەکانی فەرموودەکە:
1- ڕێزگرتن لە ئیرادە و ڕای ئافرەت: ئیسلام مافی تەواوی داوە بە ژن و کچ لە هەڵبژاردنی هاوسەری ژیانیاندا و ڕای ئەوانی کردۆتە بنەمای دروستیی پرۆسەکە.
2- حەرامبوونی زۆرەملێ لە هاوسەرگیریدا: هیچ کەسێک (باوک بێت یان هەر سەرپەرشتیارێکی تر) بۆی نییە کچ یان ژنێک بە زۆر و بەبێ ڕەزامەندیی خۆی بدات بە شوو.
3- ڕەچاوکردنی سروشت و شەرمی کچ: شەریعەتی ئیسلام ڕەچاوی شەرمی کچی شوونەکردووی کردووە؛ بۆیە بێدەنگبوونی کاتێك پرسیاری لێدەکرێت، بە بەڵگەی ڕازیبوون دادەنرێت نەک ئەوەی ناچار بکرێت بە دەنگ بیڵێت.
4- جیاوازی نێوان ژنی بێوەژن و کچی شوونەکردوو:
أ- ژنی بێوەژن (پێشتر هاوسەرگیریکردووە) دەبێت بە دەم و بە ڕوونی ڕەزامەندی و بڕیاری خۆی دەرببڕێت.
ب- کچی شوونەکردوو بێدەنگبوونەکەی بەسە بۆ ڕەزامەندی.
5- گرنگیی بوونی سەرپەرشتیار (وەلی):
ڕازیبوونی ئافرەت لە هاوسەرگیریدا مەرجێکی بنەڕەتییە، بەڵام ئەمە بە مانای نەمانی ڕۆڵی سەرپەرشتیار نایەت؛ بەڵکو دەبێت هاوسەرگیری هەم بە ڕەزامەندیی ئافرەتەکە و هەم بە ئاگاداری و گرێبەستی سەرپەرشتیارەکەی (وەلی) بێت.
6- دانانی بنەمای پتەو بۆ خێزان: کاتێک هاوسەرگیری لەسەر بنەمای ڕەزامەندیی دوولایەنە بێت، ژیانی هاوسەری لەسەر خۆشەویستی و بەردەوامی بنیات دەنرێت و لە کێشە و هەڵوەشانەوە دوور دەبێت.
ئا: یاسین ئەحمەد زەنگەنە
راوێژكاری خێزانی و پەروەردەیی
#پلانە_کۆمەڵایەتییەکان
#_شیخ_احمد_کاکە_محمود
3September 4, 2026 353 1