♦️ زنجیرەی خێزانسازی لە فەرموودەکانی پێغەمبەردا ﷺ.
♦️ مافی سەرجێیی و پاراستنی پەیوەندیی هاوسەرگیری!
خێزان لە ئیسلامدا لەسەر بنەمای خۆشەویستی، ڕێزگرتنی یەکتر و بەجێگەیاندنی ئەرک و مافە هاوبەشەکان دامەزراوە، شەریعەتی پیرۆزیش ڕێنمایی وردی داناوە بۆ پاراستنی شیرازەی ئەم پەیوەندییە و بەدوورگرتنی لە ساردی. وەڵامدانەوە و پڕکردنەوەی پێویستییە دەروونی و جەستەیییەکانی هاوسەران بەردی بناغەی ئارامیی ژیانی هاوسەرگیرییە، لە بەرامبەردا پشتگوێخستنی ئەم ئەرکانە بەبێ هۆکارێکی ڕەوا زیان بە خۆشەویستیی نێوانیان دەگەیەنێت، هەروەک پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرموێت: (إِذَا دَعَا الرَّجُلُ امْرَأَتَهُ إِلَى فِرَاشِهِ فَأَبَتْ فَبَاتَ غَضْبَانَ عَلَيْهَا لَعَنَتْهَا الْمَلَائِكَةُ حَتَّى تُصْبِحَ» پێشەوا بوخاری بە ژمارە (3237) و پێشەوا موسلیم بە ژمارە (1436) گێڕاویانەتەوە.
واتە: ئەگەر پیاو داوای هاوسەرگیریی (سەرجێیی) لە هاوسەرەکەی کرد و ئافرەتەکە ڕەتی کردەوە، و پیاوەکەش بە تووڕەیییەوە شەوی بەڕێ کرد، ئەوا فریشتەکان نەفرەتی لێ دەکەن تا بەیانی.
هاوسەرگیری پەیوەندییەکی شەرعییە لەنێوان ژن و مێرددا، و شەریعەتی ئیسلام ماف و ئەرکی هەردوولای دیاری کردووە. لە دەقی ئەم فەرموودەیەدا، پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئاماژە بە حوکمی ڕەتکردنەوەی داوای هاوسەر لەلایەن ئافرەتەوە دەکات بۆ پەیوەندیی هاوسەرگیری:
- سزا و شوێنەوارەکەی: ئەگەر ئافرەتێک بێ هۆکار داواکاریی هاوسەرەکەی ڕەت بکاتەوە و پیاوەکە بە تووڕەیی و ناڕەزایەتییەوە شەو بنوێت، فریشتەکان تا بەیانی نەفرەتی لێ دەکەن.
- کۆتاییهاتنی نەفرەتەکە: لە ڕیوایەتێکی دیکەی پێشەوا بوخاریدا هاتووە (حَتَّى تَرْجِعَ)، واتە: نەفرەتەکە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی گوناهەکە نەمێنێت؛ چ بە هاتنی بەیانی و نەمانی پێویستییەکە، یان بە پەشیمانبوونەوە و گەڕانەوەی ژنەکە بۆ جێگەکەی.
- ئەگەر ئافرەتەکە پاساوی شەرعیی هەبێت (وەک نەخۆشی، سوڕی مانگانه، یان هەر عوزرێکی تر)، ئەوا هیچ گوناه و تاوانێکی لەسەر نییە.
♦️ وانە، پەند و سوودەکانی فەرموودەكە:
1- گرنگیی بەدیهێنانی پێویستییە جەستەیی و دەروونییەکان
پاراستنی داوێنپاكی: پەیوەندیی سەرجێیی ئامرازێکی سەرەکییە بۆ پاراستنی هاوسەران لە حەرام. وەڵامدانەوەی داواکاریی هاوسەر دەبێتە هۆی تێرکردنی حەزە سروشتییەکان و ڕێگری لە لادانی ڕەوشتی.
دابینکردنی ئارامیی دەروونی: پشتگوێخستنی ئەم لایەنە دەبێتە هۆی دروستبوونی پەستان و ئاڵۆزیی دەروونی لای هاوسەرەکە، کە ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر ئارامیی ناو خێزان.
٢. مافی هاوبەش و دادپەروەری لە پەیوەندیی خێزانیدا
- گەورەیی مافی هاوسەر: فەرموودەکە ئاماژەیە بۆ گەورەیی مافی مێرد لەسەر هاوسەرەکەی لە ڕێکخستنی ژیانی پەیوەندی هاوسەریدا.
- ڕەچاوکردنی لایەنی بەرامبەر: هەرچەندە فەرموودەکە جەخت لەسەر مافی پیاو دەکاتەوە، بەڵام زانایان ئاماژەیان پێداوە کە پیاویش ئەرکی لەسەرە ڕەچاوی بارودۆخ و ئارەزووی هاوسەرەکەی بکات و بە شێوازێکی باش و نەرم مامەڵەی لەگەڵدا بکات «وَلَهُنَّ مِثْلُ الَّذِي عَلَيْهِنَّ بِالْمَعْرُوفِ». البقرة 288. واتە: وەک چۆن ئافرەتان ئەرکیان لەسەرە، بە هەمان شێوە مافیشیان لەسەر هاوسەرەکانیان هەیە بە شێوازێکی پەسەند و شایستە.
- پەیوەندیی هاوسەرگیری هاوبەشییەكی لایەنەکانی ژیانە؛ بەو پێیەی ژن ئەرکی ڕێزگرتن و وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی پیاوی لەسەرە، پیاویش بێجگە لە خەرجی و دابینکردنی پێویستییەکان، ئەرکیشی لەسەرە كە بە سۆز، رێز و گوفتاری شیرین وەڵامی پێویستییە دەروونی و جەستەیییەکانی هاوسەرەکەی بەباشی بداتەوە.
٣. جیاوازی لەنێوان سەرپێچیی بێهۆکار و پاساوی شەرعی
- سەرپێچیی بێهۆکار (ڕەفتاری زیانبەخش): هۆشداریدانەکە بەر ئەو ئافرەتانە دەکەوێت کە بەبێ هیچ هۆکارێکی دەروونی یان جەستەیی، یان بۆ زیادكردنی کێشە و تۆڵەسەندنەوە، داواکاریی هاوسەرەکەیان ڕەت دەکەنەوە.
- ڕێزگرتن لە پاساوی شەرعی: ئەگەر ئافرەتەکە نەخۆش بێت، سەرقاڵی عیبادەتێکی فەرز بێت، لە کاتی سووڕی مانگانەدا بێت، یان ماندوویەتییەکی لەڕادەبەدەری هەبێت کە زیانی پێ بگەیەنێت، ئەوا ڕەتکردنەوەی بە سەرپێچی هەژمار ناکرێت و هیچ گوناهێکی لەسەر نییە.
٤. کاریگەریی ڕەفتارەکان لەسەر پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و پەروەردگار
- سزای دروستکردنی ناڕەزایەتی بێپاساو: هۆشداریدان بە نەفرەتی فریشتەکان، نیشانەی ئەوەیە کە تێکدانی شیرازەی خێزان و تووڕەکردنی بێپاساوی هاوسەر لە گوناهە گەورەکانە.
- دەرگای پەشیمانبوونەوە (تەوبە): لە ڕیوایەتەکەی تردا («حَتَّى تَرْجِعَ») ڕوون دەبێتەوە کە تەنیا بە پەشیمانبوونەوە یان بەسەرچوونی کات و ڕازیبوونی هاوسەرەکە، سزاکە لادەچێت، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەزەییی خوایی.
3September 3, 2026 116 2