🟣 قبووڵکردنی یەکتری و گونجان سەرەڕای جیاوازیەکان
لە حیکمەتی الله عز وجل خۆیەتی دوو ڕەگەزی دروست کردووە و، تامەزرۆی یەکتری کردوون بەشێوەیەك نەتوانن ژیان بەبێ ئەوی دیکە بەڕێوە ببەن مەگەر بە قورسی نەبێت .
وەك چۆن پەنجەمۆری هەر مرۆڤێك تایبەت بە خۆیەتی و جیاوازە لە هی مرۆڤەکانی دیکە، بە هەمان شێوە هیچ دوو مرۆڤێك نییە وەکو سێویكی دوو لەت وابن، واتە تەواوی شێوە و، ڕەفتار و، گوفتار و تەبیعەت و تایبەتمەندیەکانیان وەکو یەك بێت، بەشێوەیەك ئەوانەش کە دووانەن هەر لە شتێکدا جیاوازیان هەیە .
جا کاتێك ئەم جیاوازیە هەیە و، شتێکی سروشتیە و لە دەستی کەسدا نەبووە و نییە و نابێت، ئەبێت بزانین چۆن لەگەڵیدا مامەڵە ئەکەین بە تەندروستترین شێوە .
وەك چۆن لە ئاستی گەرمای هاوین هیچمان پێ ناکرێت و ناچارین خۆمان ڕابهێنن بە بەکارهێنانی ئامێری فێنککەرەوە، بە هەمان شێوە هەندێك شتی دیکە هەن کە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، بەڵکو الله عز وجل لەبەر حیکمەتێکی خۆی ئاوای بڕیارداوە .
کاتێك کوڕ و کچێك بە هاوسەرگیریەکی شەرعی ئەگەن بە یەکتری، ئەبێت چاوکراوە بن و لەو جیاوازیە تێبگەن کە لە نێوان سروشتی هەردوولادا هەیە .
پیاو ئەبێت چاوەڕێی ئەوەندە لە خێزانی بکات کە چاوەڕێ لە هەر ئافرەتێك ئەکرێت، وە حەقیقەتەکە قبوڵ بکات، خۆیی لێ نەبێت بە ئیمامی علي و، خێزانیشی بە فاطمة رضي الله عنهما .
واتە بپرسێت و بخوێنێتەوە بزانێت سروشتی ئافرەت چۆنە، بۆ ئەوەی بەپێی ئەو سروشتە مامەڵەی لەگەڵدا بکات، وە لە ئەندازەی خۆی زیاتر چاوەڕێ لە ئافرەت نەکات .
بۆ نمونە ئافرەت لەچاو پیاودا ترسنۆکە، کاتێك شتێکی ترسناك و مەترسیدار بەسەر خۆی یان کەسە نزیکەکانیدا دێت دەست ئەکات بە قیژە و ڕاکردن و ئەپەشۆکێت، جا ئەگەر شتێك ڕوویدا و ئافرەتەکە وای کرد پیاوەکە نابێت بڵێت ژنەکە بۆ وا ئەکەیت، چونکە ئەمە سروشتی خۆیەتی، بەم جۆرەیە بە دەستی خۆی نییە، بۆیە ئەبێت مێردەکەی خۆی لەگەڵ ئەو وەزعەدا ڕابهێنێت .
بە کورتی مەبەستمان لەوەیە هەردوو ڕەگەز بزانن کە بەرامبەرەکانیان چۆنن، وە بەو پێیە مامەڵە بکەن .
- أنس بن مالك رضي الله عنه فەرمووی : (دە ساڵ خزمەتی پێغەمبەرم ﷺ کرد، هەموو کاروبارێکم بەو شێوەیە نەبوو کە هاوەڵەکەم حەزی پێ ئەکرد، کەچی یەك ئۆف ـیشی پێ نەوتم، وە نەیفەرموو بۆ ئاوات کرد) .
📚 الزُّهدُ وَالرَّقائِقُ لابن المُبارَك : (٦١٦)
تەماشا بکە بارک الله فیك، ئەمە پێغەمبەرە ﷺ، پێویست بە ناساندن و پێگەی گەورەی لەلای الله عز وجل ناکات، وە لەلایەکی دیکەش أنس رضي الله عنه، کە گومانمان نییە لەوەی زۆر رسول الله ـی ﷺ خۆش ئەوێت و ڕێزی لێ ئەگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەفەرمووێت : (هەموو کاروبارێکم بەو شێوەیە نەبوو کە هاوەڵەکەم حەزی پێ ئەکرد) .
ڕاستیەکە بەو جۆرەیە، ئەگەر پیاوێك هەموو شتێكی پیاوێکی تری بەدڵ نەبێت لەکاتێکدا کە لە هەمان ڕەگەزن، لەپێشترە ژن و پیاو هەموو شتێكی یەکتریان بەدڵ نەبێت .
چونکە لە ئەسڵدا دوو ڕەگەزی جیاوازن، هەربۆیە زۆر ئاساییە جیاواز بن، بگرە ئەگەر جیاواز نەبن ئەوکاتە ئاسایی نییە .
جا تێگەیشتن لە هاوسەرگیری و لێزانی تیایدا ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی چۆن هەردوولا هەوڵ بدەن ئەم جیاوازیانە قبوڵ بکەن و بە باشترین شێوەیەك کە لە توانایاندایە مامەڵەی لەگەڵ بکەن، وە جیاوازیەکە کاریگەری نەبێت لەسەر ژیانی هاوسەرێتیان .
تەواوی ئەو ژن و مێردانەی کە بە ئاشکرا وەسفی هاوسەرەکانیان ئەکەن؛ سەد لە سەد هەموو شتێكی هاوسەرەکانیان بەدڵ نییە، بەڵکو جیاوازیەکەیان قبوڵ کردووە و لەگەڵی ئەژین و پێی ڕاهاتوون، وە بایی ئەوەندە شتی باش و لەیەکچوویان هەیە کە جیاوازیەکان دابپۆشێت .
بە شێوەیەك هەوڵی ڕاگرتنی دڵی یەکتری ئەدەن و خاترانە لە نێوانیاندا هەیە کە هەمیشە کەموکورتیەکانیان لەبەرچاویان نییە .
تۆ وەکو هاوسەرێك بێگومان کەموکورتی و عەیبت هەیە، جا ئەبێت هەوڵ بدەیت ئەوەندەی کە لە توانای تۆدایە باش بیت بەرامبەر هاوسەرەکەت و دڵی ڕابگریت؛ تا ئەو کەموکورتیەشی کە هەتە لەبەرچاوی نەمێنێت، ئەوجا بە ئاسوودەیی پێکەوە ئەژین و لەیەك ڕازی ئەبن و کێشە گەورەکانتان بچووك ئەبنەوە .
بەڵام سەرەڕای کەموکورتیەکانت ئەگەر هەر لەو شتانەشدا کە لە دەستی خۆتدایە بەباشی مامەڵەت لەگەڵ هاوسەرەکەت نەکرد ئەوکات کێشە بچووکەکانیش گەورە ئەبن و، کاتێك تەماشای یەکتر ئەکەن جگە لە عەیبەکانی یەکتر هیچی تر نابینن .
کاتێك دڵەکان لەیەك زویر بوون و تۆران هەردوولا بە شتی زۆر بچووک و بێتام و هیچ لەگەڵ یەکتری ئەیکەن بە ناخۆشی .
=
September 5, 2026 165 3