دڵم دەشکێت و ژان دەکات،
لەو دەمەی لە کتێبەکانی فەرموودەدا دەخوێنمەوە،
کە هاوەڵێک لە هاوڕێکەی دەپرسێت: لە کوێ بووی؟
ئەویش پێی دەڵێت: لەلای پێغەمبەری خودابوومﷺ.
یاوەرێکی تر دەگات بە هاوڕێیەکی،
دەڵێت: بەرەو کوێ دەچیت؟
پێی دەڵێت: دەچم بۆ لای پێغەمبەری خوداﷺ.
بەم سادەییە،
بەم جوانییە،
لەلای پێغەمبەری خوداﷺ و بۆلای پێغەمبەری خوداﷺ.
ئاواتەخوازبووم بچمە خزمەتی و
پێی بڵێم: ئەی پێغەمبەری خودا، دڵم ئازارم دەدات!
ئەویش دەست بهێنێت بەسەر سینەمدا و ئارامم بکاتەوە.
یان پێم بڵێت: بێ ئومێد مەبە، چەند ڕۆژێکە و تێدەپەڕێت!
یان دەست بخاتە سەر دڵم و بفەرموێت: جێگیربە ئەی دڵ!
جێگیر و ئارام دەبێت،
چونکە ئەو دەمەی بانگی کردە ئوحود، جێگیربوو!
ئاواتەخوازبووم بیرم بکردایە،
قوڵپەی گریانی کەسی تامەزرۆم لێ دەربکەوتایە،
بەزەیی پێمدا بهاتایەتەوە،
وەک چۆن بەزەیی بە قەدی دارەکەدا هاتەوە،
پاشان وەک ئەو لە ئامێزی بگرتمایە...
ئەگەر لەگەڵ ئازیزێکمدا ناکۆکیم بووایە،
دەچوومە خزمەتی و داوای شەفاعەتم دەکرد،
لەگەڵم دەهات و شکاوی دڵمی ساڕێژ دەکرد،
وەک چۆن لەگەڵ تامەزرۆیی موغیسدا ڕۆیشت،
لەو دەمەی بەریرە جێیهێشتبوو،
فەرمووی: گەر بگەڕێیتەوە بۆ لای!
ئاواتەخوازبووم قەرزاربوومایە و بهاتمایەتە خزمەتت،
شەکوای حاڵی خۆمم لەلات بکردایە،
لەگەڵمدا بهاتیتایە و لەلای قەرزارەکان تکات بۆ بکردمایە.
وەک چۆن بە دەم جابرەوە هاتیت و
بە جووە خاوەن قەرزەکەیت وت: مۆڵەتی جابر بدە!
ئاواتەخوازبووم هاوڕێیەکم خراپەیەکی بەرانبەرم بکردایە و
بەدڵ شکاوییەوە بهاتمایەتە خزمەتت،
سەرت بخستمایە، وەک چۆن بیلالت سەرخست،
لەو دەمەی ئەبو زەڕ وتی: ئەی کوڕی قولەڕەشەکە!
فەرمووت: هێشتا خەسڵەتی سەردەمی نەفامیت تێدا ماوە!
یان ئەوێ ڕۆژێ لە دڵتدا خۆشەویست دەبووم وەک ئەبوبەکر،
لە پێناوی مندا تووڕەدەبوویت، دەتفەرموو:
واز لە هاوڕێکەم ناهێنن بۆ من!
ئاواتەخوازبووم نەخۆش بوومایە و سەردانی ماڵمت بکردایە،
وەک چۆن سەردانی سەعدی کوڕی ئەبو وەقاست کرد.
ئاواتەخوازبووم شتێک خەمباری بکردمایە و
دڵنەواییم بکەی،
وەک چۆن دڵنەوایی ئەو منداڵەت کرد کە مەلەکەی مردبوو.
ئاواتەخوازبووم بچوکترین شت خەمباری بکردمایە،
دەهاتمە خزمەتت بۆ ئەوەی بۆم سانا بکەیت و لەگەڵمدا بێیت.
وەک چۆن لەگەڵ کچۆڵەیەکدا ڕۆیشتیت،
هەتا لەلای ماڵەوەیان تکای بۆ بکەیت،
چونکە ناردبویان بۆ پێویستیەک و درەنگ کەوتبوو لێی!
ئاواتەخوازبووم لەخزمەتتدا سەفەرم بکردایە،
بە چاو و دڵم پاسەوانیم دەکردیت،
لەوەیە لە ماندوویدا لەسەر سوارییەکەت خەوت لێ بکەوتایە،
منیش پشتیوانت دەبووم، چیت بە ئەبو تەڵحە وت،
بە هەمان شێوەیش بە منت بوتایە:
خودا بتپارێزێت، وەک چۆن پێغەمبەرەکەیت پاراست!
ئاواتەخوازبووم لە ڕۆژی ئوحود لەگەڵتدا بوومایە،
پێش تەڵحە بکەوتمایە و بەرگریم لێ بکردیتایە و
تۆش بەرەو شاخەکە بڕۆشتیتایە،
دواتر پێت بوتمایە: واجبوو ئەدهەم!
ئاواتەخوازبووم هەر دەمێک دڵتەنگ دەبووم،
بەلامدا بڕۆشتیتایە، وەک چۆن بە لای ئالی یاسردا ڕۆیشتیت،
بتفەرموایە: ئارامبگرە ئەدهەم، شوێنت بەهەشتە!
لەو دەمەدا هەموو شتەکان لەلام سانادەبوون!
خۆشەویستەکەم ئەی پێغەمبەری خوداﷺ،
تامەزرۆی دیدارتم و زۆر بیرت دەکەم.♥
- ئەدهەم شەرقاوی
و: ئەیاد فەهمی
21August 25, 2026 929 1