𝑨𝒓𝒊𝒖𝒔 𝑷𝒐𝒍𝒍𝒂: post #7273 — TG.ME

چاو شتەکان دەبینێت، لە بەر شتێک حەزیان لێ دەکات و خۆشیدەوێن، بەڵام لە ڕاستیدا خۆی ئەو شتە نابینێت.

تەماشای گوڵێک دەکات و بۆنی دەکات، چێژ لە جوانی و بۆنی وردەگرێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو نە جوانی دەبینێت نە بۆنی خۆش، یەنها وێنەی کۆمەڵە گەردیلەیەکی بەسەریەکداکەوتوو دەبینێت کە وێنەیەکیان بە کۆبوونەوەیان نەخشاندووە و بە لوتیش هەوایەک هەڵدەمژێت کە کۆمەڵە گەردیلەیەک دەیگوازنەوە بۆ دەمارەکانی.

ئەگەر ئەو شێوازە و ئەو بۆنە بۆ گوڵ نەبێت، ئەوا جێگای گرنگی پێدان و چێژوەرگرتن و خۆشویستن نییە.

ئەوە مانایە گوڵی خۆشەویست کردووە کە لە ڕێگەیەوە چێژ دەبەخشێت بەو کەسەی کە تەماشای دەکات و بۆنی پێوە دەکات، هەرکات مانای تیادا نەما ئیدی نرخی نامانێت.

ئەوەی ماناش دەبینێت ناخە کە خۆی نابینرێت وەک ماناکان.

هیچ کەسێک تۆی خۆش ناوێت لەبەر خۆت، بەڵکو بە سیفەتێک یان چەند سیفەتێکە کە تیایدایە، ئەگەر ئەوەت نەبێت ئەوا خۆشیان ناوێییت، ئەو سیفەتانەش لە ڕاستیدا دابەزیونەتە سەر گەردیلە بەسەریەکدا کەوتووەکانت، هی خۆت نییە، بەڵکو هی خوایە.

خودا خۆی خۆشدەوێ، سیفەتی خۆی خۆشدەوێ، بۆیەش تۆ خۆشەویستی و خۆش ویستی، سەرسوڕهێنەری و سەرسوڕماوی.

ئەبو سەعیدی ئەبول خەیر لە ناوچەکەی خۆیدا تەبڕوک بەو شیاکەیەشەوە دەکرا کە بەسەریدا دەڕۆیشت، ئیدی سەریسوڕما و وتی: خودایە ئەمە چییە بۆ ئاوات لێ کردوم؟
دەنگێک هات و پێی وت: ئەبو سەعید ئەوە تۆ نیت، ئەوە ئێمەین.

پاشان زەمان هات و ڕۆیشت، تا ئەو کاتەی شاربەدەر کرا و سەری دەکرد بە هەر جێیەکدا جێی نەدەبۆوە و ئاوارە دەکرا، پەنای بردە بەر ئەشکەوتێک و دەستی بە گریان کرد، وتی: خودایە دەبێ من چیم کردبێت تا ئاوام بەسەر بێت؟
هەمان دەنگ هات و وتی: ئەوە تۆ نی سەعید، ئەوە ئێمەین.

ئیدی هەر خۆیەتی خۆی نیشان دەدات و خۆشدەویسترێ و لە لایەن خۆیەوە، هەر خۆشیەتی خۆی دەشارێتەوە و عەدەم دەدات بەسەر عەدەمدا و تێکی دەئاڵێنێ بەسەر یەکدا«هو الأول والآخر والظاهر والباطن».

#الهام
❤17❤‍🔥3😢3
August 18, 2026 485 5