قسەیەک لەگەڵ ئێوە!
بەلامەوە سەرنجڕاکێش و دڵخۆشکەرە کە ئەبینم شەشسەد کەس لەم کەناڵەدا کۆبوونەتەوە و شێعرەکان دەخوێننەوە. شەشسەد کەس بۆ شاعیرێکی وەکوو من ئێجگار زۆرە. ئەمە لەو سۆنگەیەوە ئێژم کە من قەت بەوە ڕانەهاتووم زیاتر لە دە پازدە کەس بەردەوام بمخوێننەوە. دە پازدە کەسی بژاردە کە وشەناس و شێعرناسن و لەم ساڵانەدا هەمیشە محەبەتیان هەبووە و شێعری منیان نرخاندووە. بەڵام ئێستا ئەوە چەن ساڵێکە شەشسەد کەس بەجارێ و لە یەک شوێن شێعرەکانم دەبینن و لە شوێنی تریش بڵاوی دەکەنەوە و هەم لێیان تێدەگەن و هەم چێژی ئەدەبیاتی و مانایی لێ دەبەن.
ئەمە هەستی بەختیاریم پێ ئەبەخشێ و پێم ئەڵێ ئەو ڕێگایەی بڕیومە و ئەو بەرگرییە سەرسەختانەی لە ئەدەبیاتی بەرز کردوومە کەم کەم خەریکە دەگاتە ئەنجام و شێعرەکان خەریکن بەردەنگی خۆیان ساز ئەکەن.
لەم ساڵانەدا هەمیشە خۆم لەوە لاداوە خیە بدەمە یەک شێوە نووسین و سازکردنی کلیشەی زمانی و فۆڕمی و وەک تا ئێستا دیوتانە لە هەموو فۆڕم و زمانێکدا کار دەکەم و ڕێگەم داوە خودی شێعرەکە شێوەی خۆی هەڵبژێرێ نەک بە پێچەوانە. ئەمە هەڵبژاردنێکی سادە نەبوو و هەر لە سەرەتاشەوە دەمزانی ئەمکارە دەتوانێ بەردەنگی کەمتاقەت بتارێنێ بەڵام دەی پێموابوو ئەمە ڕێگە درووستەکەیە و هەمیشە ڕێگە درووستەکە ئەستەمترە. هەرچۆنێک بێت من پێش هەمووکەس شێعر بۆ خۆم دەنووسم بۆ ئەوەی خۆم پێی شاناز بم و ئۆخژنم بە گیاندا بهێنێ و لەم تاریکستانەدا پریشکێک لە ئاگری دەروونم بهێنێتە دەرەوە، بەڵام کاتێک ئەم ''خۆم''ـە بەنێو سەدان کەسی تریشدا بڵاو ئەبێتەوە و ئەوانیش دەتوانن خۆیان لە شێعری شاعیرێکدا ببیننەوە کە جارجار دەقی ئێجگار سەخت و ئاڵۆز بەرهەم دێنێت، چ دڵخۆشییەک دەتوانێت جێگەی بگرێتەوە؟
ئەویش لە سەردەمێکدا کە بەردەنگ بە ئاسانی و ڕووکەشبوونی هەموو هونەرێک ڕاهاتووە.
بە کورتی بەختیارم کە هەن.
#هەرەس

