پرد میدیا ـ prd media: post #11880 — TG.ME

🔵 سفرەکانی سەر دینار و نرخی دینار بەرانبەر بەدۆلار

ئەحمەدی حاجی رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەیدا ڕایگەیاند:

لادانی سفرەکانی سەر دینار واتە گۆرانکاری لە نرخ و بەهای دیناری عێراقی ، لەنیو یاسای بانکی ناوەندیدا ئەم دەسەڵاتە نەدرواوەتە بانکی ناوەندی ،چونکە بانکی ناوەندی لەپێناسەکەیدا هاتوە کە راوێژکاری حکومەت و وەزارەتی داراییە ،کەواتە ئەم بڕیارە دەبێت بەیاسا رێک بخرێت .کەلەماددەی (١١٠) دەستوردا لەبرگەی (سێهەم) دا هاتوە:رەسمی سیاسەتی دارای وگومرگی و دەرکردنی دراو…….وەرەسمی سیاسەتی نەختینەیی و دامەزراندنی بانکی ناوەندی و بەرێوەبردنی ،لەدەسەڵاتە فیدراڵیەکانە.
کەواتە دەبێت گۆرینی نرخ و بەهای دینار بە یاسا رێک بخرێت ،هەربۆیە پرۆژەی گۆرینی دراوی عێراقی دوو بەشە ،گۆرینی دراوەکە لەدەسەلاتی بانکی ناوەندییە ماددەی (١٦ ، ٣٢) لەیاسای بانکی ناوەندی و گۆرینی بەهاونرخەکەی بەیاسا دەبێت ،هەربۆیە دەرکردنی یاسا بەپێشنیاری ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆک کۆمار دەبێت و پەرلەمانیش پەسەندی دەکات .
ئەوەی دوێنێ پارێزگاری بانکی ناوەندی باسی کرد رەشنوسی پرۆژە یاساکە ئامادەکراوە و لە کۆبونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیراندا دەخرێتە دەنگدانەوە بۆ ئەوەی ببێتە پرۆژە یاسا و پاشان دەنێرێتە پەرلەمان ولەنێو پەرلەمانیشدا لێژنەی سەرەکی لێژنەی داراییە کە رەوانەی لێژنەکە دەکرێت و دەبێت خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت و خوێندنەوەی دووەم و راپۆرتی لێژنەی دارایی ئامادەبکرێت و پرسیاری ئەوە بکرێت لە پەرلەمانتاران ،ئایا ئەم پرۆژەیە تێپەرێنرێت ،چونکە دەکرێت داوای ئەوەبکرێت ئەم پرۆژەیاسایە (من حيث المبدأ) رەدبکرێتەوە ئەگەر لۆبی بەهێزی بۆ بکرێت وئەگەر رەد نەکرایەوە ئەوا لە دەنگدانی سێهەمدا  تێدەپەرێت و دەبێت بەیاسا .
لابردنی سفری سەر دینار مەرج نییە پرۆژەیەکی سەرکەوتوو بێت چونکە کۆمەڵێک ئەزمونی وڵاتان هەیە کە هەندێکیان سەرکەوتووبوون و هەندێکیش شکستیان هێناوە لەوانە:

یەکەم : ئەزمونی تورکیا
تورکیا ساڵی ٢٠٠٥ دراوی نوێی دەرکردو (٦) سفری لەدراوەکەی کردەوە،کە پێش ئەو ساڵە لیرەی تورکی  بەشێکی زۆری بەهاو نرخی لەدەست دابوو ،هەڵاوسان گەشتبوە ٧٠٪  پاش ئەوەی لەگەڵ ئەو هەنگاوەدا کۆمەڵێک چاکسازی دارایی و بانکی کرد و سەربەخۆیی تەواوی دا بەبانکی ناوەندی تورکیا ڕێژەی هەڵاوسان دابەزی بۆ ١٠٪ ، کەواتە بەتەنها لابردنی سفری سەردینار چارەسەر نییە ،ئایا عێراق دەتوانێت چاکسازی ریشەیی بکات لە بواری دارایی و بانکیدا.
لەهەمان ڕیزبەنددا بەرازیل یەکێکە لەوڵاتانەی کە سەرکەوتوو بوە لەلادانی سفری سەر دراوەکەیاندا .

دووەم: ئەزمونی ئەرجەنتین
ئەرجەنتین دادەنرێت بەیەکێک لەو وڵاتانەی کەپەنایان بردوە بۆ لابردنی سفری سەردراوەکەیان  بۆ چاکسازی و دراوی وڵاتیان بەرانبەر کردوە بەدۆلار و یەک بینزۆ : یەک دۆلار بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و لەساڵی ٢٠٠١ دراوەکەیان بەتەواوی داروخا ، بەهەمان شێوە زیمبابۆی  دادەنرێت بە خراپترین ئەزموون لەبواری گۆرینی سفری سەر دراوەکەیان .

کەواتە : بابپرسین ئایا عێراق سەرکەوتن هەڵدەبژێرێت یان شکست ، هەربۆیە لادانی سفری سەر دیناری عێراقی بەتەنها نابێتە گۆرانکاری لە بەهاو نرخی دیناری عراقی ،ئەگەر چاکسازی دارایی و ئابوری و نەختێنەیی نەکرێت و سیستەمی بانکی بەوشێوەیە بمێنێتەوە و بانکی ناوەندی بەتەواوی سەربەخۆ نەبێت
August 24, 2026 302