Lens - لێنز: post #42539 — TG.ME

تەخوینی ئۆجەلان و عەبدیی، سەرچاوەکەی لە کوێوەیە؟

1. گومانی تێدا نییە، ع. ئۆجەلان و م. عەبدیی، دوو مرۆڤی سیاسیین هەڵەیشیان زۆر کردووە، بەتایبەت، ئەو خۆشخەیاڵبوونەی عەبدیی بە دەعمە غەربیی و کەمپەینە مێدیاییەکانی نەتەن-یاهۆ، بەڵام بەراورد بەو سیمبۆڵانەی ناو زێرابەکانی کوردایەتیی، بەراوردکردنیان هەر زۆر نالۆژیکییە! چ بەوانەی لە دەسەڵاتدان، یان ئەوانەی خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆن ئەزانن( بە مردوو بە زیندوویانەوە) .

2. کوردایەتییە پرۆکسییە ئیقلیمییەکەی هەرێمی بنەماڵە سیاسییەکان، بە درێژایی مێژوو، مەئمورییەتی جێبەجێکردنی پیلان و پلانە موخابەراتییە ئیقلیمیی و جیهانییەکانیان لە ناوچەکەدا جێکەوت کردووە و بەتایبەتییش لە کوردستانی عێراق و ئێراندا. ئێستا، بە شەپۆل دەفعی هەوادارانی بندیوار و موچەخۆرە گەندەڵەکانیان و گاڕانی ئەکادیمیستە بەتاڵەکانیان ئەکەن، بەسەر نەیارەکانیاندا ( نەیارانی کوردایەتیی ) ، بتفێنەوە.

3. بارزانیی وەکو قائیدی فاشیلی ضەرورە و قائیدی وەهمیی وەحدەی قەومیی کوردیی-عەرەبیی سوننیی( بە تایبەت بەعثییەکان)، خۆی و برازاکەی و کوڕەکانی و حکومەتە بنەماڵەییەکەیان، گەرانتۆری -کەفیلی Guarantor ئەو رێککەوتنانە بوونە کە لە نێوان ئەلشەرع و عەبدییدا کراون بە چاودێریی باراک، ئەردۆغان و ئیسرائیل، کە هەموویان حەلیفی رەسەن و بگرە ماستەرمایندی ماڵی بارزانیین، کەچیی هەرچی سەگوسواڵ و داڵاشی کوردایەتیی هەیە، بەریانداوەتە گیانی ئۆجەلان و عەبدیی... ئەمە بۆچوونی ئەو کەسانە پشتڕاست ئەکاتەوە کە دەیان ساڵە جەخت لەوە ئەکەنەوە، هەرکەس کوردایەتیی بکات، ( عادییەکەی بێت یان ئەصڵییەکەی، عەشیرەتییەکەی بێت یان ئەفەندییەکەی، حەکیمە خوێندەوارەکانیان بن یان موغەفەل و مۆبە جاهیلەکانیان، لە حیزبی دەسەڵاتدار بن یان ئۆپۆزیسیۆنی زۆربڵێ، سەرەنجام هەموویان ئاو لە ئاشی چەتەگەرییە موخابەراتییە ئیقلیمیی و جیهانییەکەی فشقییاتی سەربەخۆیی ئابووریی و کەرەکەری ریفراندۆم و مەهزەلەی دەوڵەتی بنەماڵەیی کوردیی ئەکەنەوە).

4. فشارێکی زۆری نێودەوڵەتیی و ئیقلیمیی و ناوخۆیی لەسەر هێزەکانی عەبدیی و پەکەکە هەن، ئەوان زۆر عەقڵانیی و جەریئانە بڕیاری بێدەنگکردنی چەکەکانیان داوە و رەهەندیی ئاشتییان گرتووەتە بەر، بەدڵنیاییشەوە، پلانی بی و سیشیان هەیە، لە واقیعدا، ئەو جەرائەتە سیاسییە و ئەو روئییە عەقڵانییە و ئەو کاریزماییە فیکرییەی ئۆجەلان، نواندوویەتی، هەموو ئەرباب و ئەحباب و نوخبە فشەکەرەکانی کوردایەتیی لە چلەکانەوە تا ئێستا کۆبکەیتەوە، جورئەت ناکەن، پارەگرافێکیشی هەرس بکەن، چونکە ئەو ناسیۆنالیزمە فەنتازییەی ئەوان، بەس لە کوانووی بێمەعریفەیی و بێفیکریی خۆیاندا کەڕوو هەڵئەهێنێتەوە، هەرگیز دەرکی سیاسییان، ناگاتە ئەو ئاستەی لەدەرەوەی خەیاڵگەرمیی و خۆشخوانیی خۆیان، شتێکی تر ببیننەوە.

5. بەشێکی تری ئەم هێرشە بازاڕییانە ئەوەیە کە ڤێرژنی کوردبوونە سیاسیی و ئاشتەواییەکەی ئۆجەلان و کوردانی سوریا و تورکیا، رێگەیەکی جیاوازتری لەم چەتەگەرییە میلیشیاییەی کوردستانی عێراق گرتووەتە بەر و باڵۆنی کوردایەتییەکەی ئەمان ئەتەقێنێ، بۆیە هەست بە حەسادەت و نەقص ئەکەن و بە هەلی ئەزانن، مامۆستاکانی زانکۆ و مۆبەکانی سۆشیاڵ میدیا و جەبانەکانی ئەنەکەسە، بەگەڕ بخەن و تۆڵە بکەنەوە. مرۆڤ یەک پرسیار لە خۆی بکات ئەوە تێئەگات کە بۆچی ماڵی بارزانیی و حکومەت، خۆیان تەبەنیی ئەم هێرشانە ناکەن، بەڵام فوو لە ئاگری بن کای کوردایەتیی ئەکەن!؟

6. تاکە ترسێک هەبێ ئەوەیە کە ئەم چوونە ناو سوپای سوریای ئەلشەرعەوە، ئیسرائیل و ئەمێریکا، کوردەکان بەکاربهێنن بۆ هەژموونە عەسکەریی و ئەمنییەکانی خۆیان لە دژی حیزبوڵای لوبنانیی و شەڕێکی طائیفیی و قەومیی بەسەر گەلی کورددا بسەپێنرێ کە لە دەرەوەی ئیرادەی خۆی بێت، بەڵام لێرەشدا خۆشبەختانە شوکر هۆشیارە ئۆجەلان وەکو رەدع رێگە نەدات، نەخشەی جەهەننەمیی کوردە زایۆ-نییەکان و موخابەراتی ئیسرا-ئیلیی، سەرکەوتوو بێت.

7. وەکو ئینصافیش بڵێین، هەندێ برادەر و دۆست و کەسانی رەخنەگر هەن، رەخنەی جدیی و ریشەیی و عەقڵانیی لە پەکەکە و عەبدیی ئەگرن، ئەمانە ناکرێ لەسەر جەبهەی فاشیلی کوردایەتیی حیساب بکرێن، چونکە خۆیان ناسیۆنالیزمی نەژادیی و ناسیۆنالیزمی طائیفیی بە سەرەطان ئەزانن و ئەنتی ئەو کوردایەتییە چەتەگەرییە پرۆکسییەی بنەماڵە سیاسییەکانی هەرێمن.

کامیار سابیر
❤13👍7
August 28, 2026 473