✍️ حوسێن بەخشی
یەکەمجار کە گوێم لە ناوی دوکتۆر قاسملوو بوو، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی ١٣٥٢ و ١٣٥٣ی هەتاوی کە لەگەڵ کۆمەڵێک لە دۆستان گیرام. کاک عەزیزی یوسفییش کە لە زیندان هاتەوە، باسی دوکتۆر قاسملووی بۆ دەکردم. لە ڕێوڕەسمی ناشتنی کاک عەزیزی یوسفی لە ١٩ی جۆزەردان کە جارێکی دیکە گیرامەوە، دیسان لە زیندان گوێم لە ناوی دوکتۆر قاسملوو بوو. جگە لەوە، لە زمانی کاک سدیق خاتەمیش کە مامی دایکم بوو و ١٢ ساڵ لە زیندان بوو، هەمدیسان گوێم لە ناوی دوکتۆر قاسملوو بوو. بەڵام تا چەند مانگ پێش سەرکەوتنی شۆڕشی ١٣٥٧، دوکتۆر قاسملووم نەدیبوو. دیداری یەکەمی من لەگەڵ دوکتۆر قاسملوو دەگەڕێتەوە بۆ زستانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی.
ئەو کاتەی بەختیار لەسەر کار بوو، بەهۆی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە، دوکتۆر قاسملووم بۆ یەکەمجار لە ماڵی دوکتۆر خوسرەوی بینی. کۆمیتەی زاگرۆس تازە گەڕابووەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دیارە ئەو کاتە ناوی نهێنیی «کاک شەریف» بوو، بەڵام من نەمدەزانی کێیە. لە دوکتۆر خوسرەویم پرسی: «ئەوە کێیە؟». سەڕەڕای نهێنیبوون، چونکە لەگەڵ دوکتۆر خوسرەوی زۆر دۆست بووین و نێوانمان خۆش بوو، لێی نەشاردمەوە و گوتی: «ئەوە دوکتۆر قاسملوویە».
#گۆڤاری_تیشک #ناوەندی_لێکۆڵینەوەی_کوردستان_تیشک #کوردستان #تیشک #گۆڤار #ڕۆژهەڵات

