✍️ دانا حەمید
ڕۆژانە کە پەنجەکانمان بەسەر شاشەی مۆبایلەکانماندا دەخشێنین و دەیبەین، بەناو لێشاوێک لە وێنە و ڤیدیۆدا تێدەپەڕین. سەدان ڕووخسار لە هەردوو ڕەگەز، پیر و گەنج دەبینین؛ ڕووخساری پڕ لە ئازار، خۆشڕوو و پڕ لە ئومێد، گەنجێکی بێهیوا، یان دایکێکی ماندوو. بەڵام با ڕاستگۆ بین، چەند جار ئەو ڕووخسارانە دەمانوەستێنن؟ چەند جار لە بینینی چاوی مرۆڤێکی تردا ئەو هەستەمان بۆ دروست دەبێت کە ئێمە بەرپرسیارین بەرامبەری؟ وەڵامەکە تاڵە: زۆر کەم. ئێمە تووشی نەخۆشییەکی کوشندە بووین؛ نەخۆشیی گۆڕینی مرۆڤ بۆ «شت»، یان ئەوەی پێی دەوترێت بەئۆبێکتکردنی ڕووخساری ئەویتر لە سەردەمی ئەمڕۆدا. لە بنەڕەتدا، ڕووخسار تەنیا گۆشت، پێست و ئێسک نییە، بەڵکوو دەروازەی مرۆڤبوونە. بە دەربڕینە لیڤیناسیەکە، کاتێک سەیری ڕووخساری کەسێک دەکەیت، ئەو نیگایە وەک بانگەوازێکی بێدەنگە کە پێت دەڵێت: «من هەم، ئازارم مەدە، ڕێزم بگرە و بەشی خۆمم لە ماف و شتەکان پێبدە».
#گۆڤاری_تیشک #ناوەندی_لێکۆڵینەوەی_کوردستان_تیشک #کوردستان #تیشک #گۆڤار #ڕۆژهەڵات

