پێشەکی: post #441 — TG.ME

پێشەکیبڵیندیی قورئان بەدیعوززەمان سەعیدی نورسی وەرگێڕان: ئیدریس ڕەحیم
هەر لەم ڕازەوەیە دەبینین، پیاوخوایەک دەبێژێ: "دڵم لە خوداوە پێی چرپاندم" یانی: زمان/دەنگی دڵی. بێ نیوەندگریی هیچ مەلایکەیەک، هەر بۆیە نابێژێ: خوای باڵادەست پێی فەرمووم. یان دەبینین دەفەرموون: دڵم عەرش و ئاوێنەی تیشکدانەوەی جیلوەگەلی زاتی هەقە و، ناڵێ: عەرشی خوای جیهانیانە. ئاخر بۆی هەیە و دەشێ، بایی ئامادەگی و تواناییی خۆی و باربوون و هەڵگرتنی حەفتا هەزار لە حیجابی زوڵمانی لەسەری، لە فەرمایشتی ئیلاهی بێتە دڵیەوە و بیبیستێ.

بەڵێ قوربان، بە ئەندازەی بەرزیی قسەیەکی شا کە لە مەقامی پاشایییەوە گوتبێتی، لەتەک هەمان قسەی بەشەکیی خۆی کە لەگەڵ یەکێ لە دەسوپێوەندی عەوامدا کردبێتی؛ هەروا وەک جیاوازی کەڵکبردنی ڕاستەوخۆیە لە سەرڕێژی جیلوەی تیشکی خۆر بەسەر، ئیسفادە لە تیشکەکەی لە ئاوێنەیەکەوە. ئالێرەوە و بەم لێکهەڵبڕین و بەرواردە لە باڵایی و سەرترێتی قورئان بەسەر فەرمایشتە خوایی و کتێبە ئاسمانییەکانەوە دەفامی و تێدەگەی.

کتێبە پیرۆز و پەڕاوە ئاسمانییەکان، لەباری باڵایی و سەرترێتی، لە دوای قورئانەوە بە پلەی دووەم دێن. هەر یەکە و خودان پێگە و باڵایین، هەر دنکەو بەشی لە ڕازی پێشەنگیی هەیە؛ خۆ گەر هەرچی گوتەی جوان و پاکی بەرەی مرۆ و ئەجندە هەن کۆبکرێنەوە -ئەوانەی لە چاوگی قورئانەوە نین- هەرگیز هاوشان، بگرە ناگەنە قولەپێی قورئاندا.

خۆ گەر گەرەکەتە شتێک لەوە تێبگەی کە قورئان لە ئیسمی ئەعزەمەوە(ناوی هەرە مەزنی خوا) دابەزیبێ و لە ئاستی هەرە بەرزی جیلوەی گشت ناوە پیرۆزەکانی زاتی هەقدابێ، ئەوە لە ئایەتەلکورسی و هەریەک لەم ئایەتە پیرۆزە گشتگیر و دوڕڕە یەکتایانەی دواتر ڕامێنە:

"وَعِندَهُ مَفَاتِحُ الْغَيْبِ: هەموو کلیلی نهێنی و بەرپیواران وا لای ئەوە" «ئەنعام: ٥٩». "قُلِ اللَّهُمَّ مَالِكَ الْمُلْكِ: بفەرموو: خوایە! ئەی خودان هێز و دەستەڵات" «ئالی عیمران: ٢٦». "يُغْشِي اللَّيْلَ النَّهَارَ يَطْلُبُهُ حَثِيثًا وَالشَّمْسَ وَالْقَمَرَ وَالنُّجُومَ مُسَخَّرَاتٍ بِأَمْرِهِ: ڕۆژێ بە شەوێ دەپۆشێ و ڕۆژیش بەلەز دەکەوێتەوە شوێنی شەوێ. خۆر و مانگ و ئەستێرانی بەدی هێنا و هەر ملکەچ و دەژێر فەرمانی ئەودان" «ئەلئەعڕاف: ٥٤». "وَقِيلَ يَا أَرْضُ ابْلَعِي مَاءَكِ وَيَا سَمَاءُ أَقْلِعِي وَغِيضَ الْمَاءُ وَقُضِيَ الْأَمْرُ وَاسْتَوَتْ عَلَى الْجُودِيِّ ۖ وَقِيلَ بُعْدًا لِّلْقَوْمِ الظَّالِمِينَ: ئەوجا گوترا: زەمین! ئاوت هەڵقوڕێنە؛ بەرزایی! بەس ببارێنە. ئاو ڕۆچوو بە ناخی ئاخا و کار سەری گرت؛ لەسەر جوودی لەنگەری گرت. وترا: تارن، ئەوانەی ناهەقیکارن" «هوود: ٤٤». "تُسَبِّحُ لَهُ السَّمَاوَاتُ السَّبْعُ وَالْأَرْضُ وَمَن فِيهِنَّ: حەوت ئاسمانان و زەوین و هەرچی لە ناو ئەواندایە، هەر پاکانەی خودا دەکەن" «ئیسڕاء: ٤٤». "مَّا خَلْقُكُمْ وَلَا بَعْثُكُمْ إِلَّا كَنَفْسٍ وَاحِدَةٍ: ئافراندن و مراندن و ژیاندن لە یەک نەفەر پتر نییە" «لوقمان: ۲۸». "إِنَّا عَرَضْنَا الْأَمَانَةَ عَلَى السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَالْجِبَالِ فَأَبَيْنَ أَن يَحْمِلْنَهَا وَأَشْفَقْنَ مِنْهَا وَحَمَلَهَا الْإِنسَانُ ۖ إِنَّهُ كَانَ ظَلُومًا جَهُولًا: ئێمە ئەم ئامانەتییەمان لە بەرانبەر ئاسمانان و زەمین و ئەو هەموو کێوانە ڕانا، هیچیان دەخۆیان ڕانەدی بچنە ژێری و لێی دەترسان. پاشان مرۆ وەستۆی خۆی گرت، کە نەیزانی و سەبارەت بە خۆی غەدری کرد" «ئەحزاب: ٧٢». "يَوْمَ نَطْوِي السَّمَاءَ كَطَيِّ السِّجِلِّ لِلْكُتُبِ: ڕۆژێ کە ئێمە ئاسمانێ لە چەشنی تۆماری قاقەز بۆ نووسینێ، هەڵدەپێچین" «ئەنبیاء: ١٠٤». "وَمَا قَدَرُوا اللَّهَ حَقَّ قَدْرِهِ وَالْأَرْضُ جَمِيعًا قَبْضَتُهُ يَوْمَ الْقِيَامَةِ: خودایان – وەکوو پێویستە – نەناسیوە. ڕۆژی سەڵا زەمین هەموو وا لە ناو مشتی ئەودایە" «زومەر: ٦٧». "أَنزَلْنَا هَٰذَا الْقُرْآنَ عَلَىٰ جَبَلٍ لَّرَأَيْتَهُ خَاشِعًا مُّتَصَدِّعًا مِّنْ خَشْيَةِ اللَّهِ: ئەگەر ئێمە ئەم قورئانەن ناردبایەتە سەر کەژێک، تۆ دەتدی کە داهاتووە و لە ترسی خوا لەت لەت بووە" «حەشر: ٢١».

هەروا لە هاووێنە پیرۆز و بەرزەکانی ڕامێنە، سەرنجی وردی ئەو سوورەتانەی بە (الحمد للە) و (تسبح..) دەسپێدەکەت بدە. هەتا تیشکاوێتنی ئەم ڕازە گەورەیە ببینی، بڕوانە ئەو سوورەتانەی بە (الم) و (ألر) و (حم)، دەستپێکراون، تا بزانی گرنگیی قورئان لە کن خوای جیهانیان چەندێکە.

خۆ گەر ئەم ڕازە وردەت فامی و تێیگەیت، دەیشتوانی تێبگەی لە: ڕازی ئەوەی کە زۆرێک لە وەحی پێغەمبەران بە نێوەندگریی مەلایکەتان بووە و، ئیلهام بێ واسیتە هاتووە. هەروا لە نهێنی ئەوەی گەورەترین وەلی ناگاتە هیچ یەک لە پێغەمبەران تێبگەی. لەگەڵ ئەمانەیشدا ڕازی گەورەیی و پیرۆزیی قورئان و بڵیندیی پەرجووەکەی درک دەکەی.
❤‍🔥3
February 17, 2026 353