پێشەکی: post #440 — TG.ME

پێشەکیبڵیندیی قورئان بەدیعوززەمان سەعیدی نورسی وەرگێڕان: ئیدریس ڕەحیم
«بڵیندیی قورئان»

گەر دەتەوێ بزانی قورئان چلۆن باڵایکردووە بەسەر فەرمایشتە خوایییەکانی تردا و مەودای تێپەڕاندنەکەی چەندە بەسەریاندا؛ سەرنج بدە و لەم دوو نموونەیەی خوارێ ڕامێنە:

نموونەی یەکەم: سەرۆک و پادشایان دوو جۆر بانگکردن و دوو ئاستی وتار و قسەیان هەس. یەکەم: وتووێژێکی تایبەت لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تایبەتەوە لەگەڵ یەکێک لە عەوامی ئاسایی مەملەکەتدا، دەربارەی بابەتێکی بەشەکیی پەیوەست بە خۆیەوە. ئەوی تر: قسە و گوفتارە بە ناوی سەڵتەنەتی شکۆدار و ناونیشانی خیلافەتی هەرە مەزن و شانوشکۆی فەرمانڕەواییی گشتی، بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی فرمانی پادشایی لە چوارقوڕنەی مەملەکەتدا؛ ئەمەیان قسەوباسێکی گەنگەشەکراوە تەک یەکێ لە نێردراوانی یان دانەیە لە فەرمانبەرە خاوەن پێگەکانیدا. دەی ئەم فەرمایشتە بە خەم و حاجەی هەمووانەوە گرێدراوە.

نموونەی دووەم: کابرایەک ئاوێنەیێکی وا بەدەسەتەوە و ڕوویکردووەتە خۆر، ئاوێنەیش -بایی گچکەیی و فراوانیییەکەی- نوور و پڕشنگی حەوت ڕەنگی شەبەنگی ڕۆژ وەردەگرێ. کابرایش بە ئەندازەی ئاوێنەکە پەیوەندیی بە خۆرەوە هەیە، دەشێ کەڵکی لێ ببینێ و ڕووی بکاتە ژوورە نووتەکەکەی یان نەمامگە بچووکە میچگیراوەکەی(سەقفکراو)، هەڵبەت مەودای کەڵکبردنی پەیوەستە بە توانایی تیشکدانەوەی خۆر لە ئاوێنەکەدا، نەک هێندەی گەورەییی خۆر.

دەی پیاوێکی دی لە ئاوێنە دەگەڕێ و هەر خۆی ڕوودەکاتە خۆر؛ لە شکۆی دەڕوانێ و درکی مەزنییەکەی دەکا، پاشان بە چیایەکی فرە زرافدا هەڵدەگەڕێ و دەڕوانێتە درەوشانەوەی سوڵتانە بەرین و بە شکۆکەی، دەچێتە حەزرەتی و بێ پەردە تێیدەڕوانێ. دوایی دێتەوە، پەنجەرەی خانە خنجیلەکەی و میچی باخچە سەرگیراوەکەی بە ڕووی خۆردا واڵا دەکات؛ بەمەش ڕێگاکانی گەیشتنە خۆر دەدۆزێتەوە، ئەو خۆرەی لە هەرە بەرزایییەکانی ئاسماندا گیرساوەتەوە. ئینجا لەتەک تیشکی هەرمانی خۆری ڕاستینەدا دێتە قسان؛ بە زمانی حاڵ نزوولەی دەکاتێ و بەم دواندنە کڵۆڵە و بە سپاس و قەدردانی و منەتزانی، پێی دەڵێ: "ئای خۆری مەشریقان، هۆ ئەوەی جێنشینی عەرشی جوانیی دنیا بووی، ئەی میهرەبانی ئاسمان! ئەوەی نوور و سروورت بە زەوییدا پەرش کرد و بزە و شادیت دایە گوڵان؛ ئەوەی گەرمی و تیشکت پێکڕا دایە ماڵ و نەمامگە بچکۆلەکەم، هەر چۆن گەرمی و ڕووناکیت بە هەموو جیهان بەخشیوە".

خۆ کابرای پێشتر ناتوانێ ئاواهی نزوولەی خۆر بکا و بەم جۆرە بیدوێنێ، چون جێکەوتەی خۆر سنووردارە بە سنووری ئاوێنەکەیەوە، کۆتە بە تواناییی و وەرگریی ئاوێنەکە و تیشکدانەوەکەی.

ئێستە، لە گۆشە و چاویلکەی ئەم دوو نموونەیەوە لە قورئان و پەرجووەکانی بڕوانە و لە پیرۆزی و باڵایییەکەی بگە.

قورئان دەفەرموێ: "وَلَوْ أَنَّمَا فِي الْأَرْضِ مِن شَجَرَةٍ أَقْلَامٌ وَالْبَحْرُ يَمُدُّهُ مِن بَعْدِهِ سَبْعَةُ أَبْحُرٍ مَّا نَفِدَتْ كَلِمَاتُ اللَّهِ ۗ إِنَّ اللَّهَ عَزِيزٌ حَكِيمٌ: هەرچی دار لەم زەمینە هەن ببنە قەڵەم، مرەکەویان لە بەحر بێ و حەوت بەحری دیش بێنە پاڵی، هێشتا فەرمایشتی خودا دوایی نایە. خودا خاوەن دەستەڵاتی لە کارزانە." «لوقمان: ٢٧».

بەم چەشنە، قورئان داویەتی بەسەر هەر یەک لە فەرمایشتەکانی تری خوادا، ئەو وشانەی کە هیچ لە قاڵبی نادا. ئەمەیش لەوێوەیە کە قورئان: لە "ئیسمی ئەعزەم" (ناوی هەرە مەزن و پیرۆزی خوا) و لە هەرە بەرزترین پلەی هەر ناوێک لە ناوە جوانەکانی خوداوە (الأسماء الحسنى) هاتۆتە خوارێ؛ قورئان کەلامی خودایە بەو سیفەتەی کە "پەروەردگاری جیهانیان"ـە، فەرمانی ئەوە بەو سیفەتەی کە "خوای بوونەوەران"ـە، گوتاری ئەوە وەک "بەدیهێن و کارسازی ئاسمانان و زەوین" و گفتولفتی باڵایە بە سیفەتی "پەروەردگارێتیی ڕەها". هەروا گوتاری هەربووی زاتی هەقە بە ناوی "سەڵتەنەتی هەرە مەزنی یەزدانی"یەوە. قورئان، تۆماری ئاوڕدانەوە و حورمەتی ڕەحمانییە لە بوونەوەران، کە لە ڕەحمەتی فراوان و ناکۆتای دەوراندەوری بە ماسیوا، هەڵقوڵاوە و سەرچاوەی گرتووە. پەیامی هەڵگری گشت نامە ڕەببانییەکانە، مەزنیی خوایەتی ڕۆشن و بەیان دەفەرموێ؛ هەر بۆیە لە سەرەتای بەشێکیدا ڕەمز و نیشانە هەن. کتێبی پیرۆزی بڵاوکاری دانایییە.

​هەر لەبەر ئەم ڕازانەیە، بە ناوی شایانی: «کەلامی خودا»ەوە، ناو نراوە.

لێ سەبارەت بە فەرمایشتە خوایییەکانی دی: بەشێکیان بە ئیعتیبارێکی تایبەت و ناونیشانێکی جوزئی و جیلەوەیێکی هەندەکی لە ناوێکی تایبەتی، هەروا لە خوداوە بە سیفەتی ڕبووبییەتی تایبەتی و، سوڵتان و ڕەحمەتێکی تایبەت، فەرمایشتن لە خواوە. پلەی ئەم فەرموودانەی خوایش لە باری تایبەتێتی و گشتییەوە جیاواز و هەمەجۆرن؛ زۆرینەی ئیلهام، لەم بەشەی فەرمایشتی خوایین، لێ پلەکانیان جیاوازی و نێوانی زۆرە.

بۆ نموونە: ساکار و بەشەکیترینیان ئیلهامی ئاژەڵانە، دواتر ڕەشۆکی خەڵکی، ئینجە عەوامی مەلایک، دواتر ئیلهامی پیاوخاس و دۆستانی خوا و، تا دەگاتە ئیلهامی گەورانی مەلایکە.
❤‍🔥2
February 17, 2026 261