وەکو نموونەیەک، لەم شەڕەی ئێستای کوردستانی سوریادا چەندین نموونەی ئاوا دەبینین. ئەمڕۆکە وێنەیەکی زیرەکیی دەستکردم بینی دەروونناسێکی دیاری کوردستان پۆستی کردبوو، دەروونناسێک کە خۆی بە خاوەنی ئەقڵێکی تیژ دەزانێت و لە دەرەوەی وڵات دکتۆرای هێناوە. وێنەکە هی حیکمەت هیجریی یەکێک لە سێ شێخەکەی دروز بوو، کە بە سمێڵی کەزیی دروست کردبوو. ئامانج لەم پۆستە ئەوەیە بە ئێمەی کورد بڵێت کورد و دروز دوو کەمینەی چەوساوەن و هەمان کیان ستەم لە هەردووکیان دەکات، بۆیە دەبێت ئێمەیش هاوسۆزی ئەوان بین. لە ڕاستیدا ئەمە ستەمە لە کورد، چونکە کوردەکان گەلێکی شەڕفرۆش نین و موسوڵمانیشن، بەڵام دروزەکان پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیلدا زۆر باشە و تێکەڵی دەوروبەریش نابن، هەروەها لە ماوەی شەڕیان لەگەڵ دەوروبەردا کاری زۆر نابەجێیان لەگەڵ بەرانبەردا دەکرد. کوردەکان لە حەقیقەتدا کەمینە نین، بێدەوڵەتی ئێمەی کوردی کردووە بە کەمینە، بۆیە کورد بە درێژایی مێژوو سەربەرزانە ژیاوە، بەڵام دروزەکان دەمێکە بە تاکتیکی ورد و خۆگونجاندن لەگەڵ دەسەڵات و دیپلۆماسیەت درێژەیان بە بوونی خۆیان داوە. هەرچی بێت، ئەوەی پۆستەکەی کردووە دەیەوێت سۆزێک لە نێوان کورد و دروزدا دروست بکات و ئامانجە دوورەکەیش ئەوەیە بگوترێت ناموسوڵمانەکان هاوسۆزی کوردن.
ئێستا با ئەقڵە ئیبن خەڵدونییەکەمان بخەینە کار. با زیرەکیی دەستکرد جوانیش شتەکان دروست بکات، ئەقڵی ئیبن خەڵدونی کەم نییە و لە ڕێگەی پشکنینی بنەماکانەوە دەرئەنجامەکان یەکلا دەکاتەوە. پێش هەمووشتێک، ئەگەر ویستت هەواڵێک بە ڕاست ناڕاست بزانیت، بچۆ بگەڕێ بزانە لە چەند سەرچاوەوە گوازراوەتەوە، هەروەها سەرچاوەکان کێن و لایەنگیری کێن. جیا لەمە، هەموو بابەتە دەرەکییەکانی هەواڵەکە بپشکنە: کێ وتی، چۆن وتی، کەی وتی و زۆری تریش. بەڵام ئەقڵی ئیبن خەڵدونی لە ناوەڕۆکی هەواڵەکەدا باشتر کار دەکات: شتەکە ڕێی تێدەچێت؟ ئەگەری ئەوەی ڕاست یان ناڕاست بێت چەندە؟ زۆر بە سادەیی، لەم نموونەیەی ئێمەدا دەپرسین: سمێڵ دەکرێت بە کەزی؟ ئایا سمێڵی دروزەکان بایەی ئەوە درێژە کەزییەکی دە سانتیمەتریی لێ دروست بکەیت؟ بێگومان نەخێر، بۆ دروستکردنی کەزی پێویستت بە موی زۆرە، ئەگەرچی سمێڵی دروزەکانیش بڕێک لە سمێڵی کەسانی ئاسایی درێژترە، بۆ ئەوە ناشێت کەزیی لێ دروست بکەیت، بە تایبەتی کەزییەکی وەکو ئەوەی لە وێنەکەدا هەبوو.
ئەمە نموونەیەکی سادەیە بۆ دروستکردنی هەواڵی ساختە بە زیرەکیی دەستکرد و پاشان گەیاندنی پەیامێکی شاراوە. ئەقڵی ئیبن خەڵدونی هەم ناوەڕۆکی هەواڵەکە دەپشکنێت، هەم شێوازی گواستنەوە، هەم پەیامەکەی پشتیشی. خاوەنی ئەقڵێکی خەڵدونی بە و فریو مەخۆ.
11January 26, 2026 370 2