پێشەکی: post #436 — TG.ME

پێشەکیئیبن خەڵدون و زیرەکیی دەستکرد
ئیبن خەڵدون و زیرەکیی دەستکرد
هەموان ناوی ئیبن خەڵدونیان بیستووە، ئەو زانایەی دانانی زانستی کۆمەڵناسیی دەدرێتە پاڵ. ئیبن خەڵدون لە ژیانیدا پلەی سیاسیی هەمەجۆری تاقی کردووەتەوە، خاوەنی زانستێکی تا بڵێیت فراوان بووە، هەروەها لە چەند بوارێکیشدا کتێبی نووسیوە. دیارترین بەرهەمی موقەدیمەکەیەتی، واتە پێشەکی، کە ئیلهامی ناونیشانی ئەم کەناڵەیش لەوەوە وەرگیراوە.

ئیبن خەڵدون مێژوونووسێکی ئاسایی نەبووە، بگرە ڕەخنەی لە زۆرینەی مێژوونووسانی سەردەمی خۆی و پێشتریش گرتووە. ئەو پێی وا بووە زۆریان لەبەر قبووڵکردنی کوێرانەی قسەی پێشینان چەندین هەڵەی مێژووییان بەسەردا ڕۆیشتووە. جیا لەوە وتیوتی و هەڵبەستنی هەواڵ و زێدەڕۆییکردن و پێوەنان دونیایەک هەڵەی دیکەیان ئافراندووە. وەختێکیش کەسانی نەشارەزا مامەڵەی دەقە مێژووییەکانیان کردووە، نەیانزانیوە چۆن ڕاست و هەڵە جیا بکەنەوە و دۆخەکە هێندەی تر خراپ بووە.

ئیبن خەڵدون بە پێویستی زانیوە مێژوونووس خاوەنی ئەقڵێکی ڕەخنەیی بێت و بزانێت چ شتێک ڕێی تێ دەچێت و خۆبەخۆ هەواڵ نەگێڕێتەوە. وەکو نموونە، باسی ئەوە دەکات مەسعودی و چەندین مێژوونووسی تر گوتویانە پێغەمبەر موسا ٦٠٠٠٠٠ سەربازی بەنو ئیسرائیلیی لە بیاباندا ژماردووە. بە تێڕوانینی ئەو، ئەگەر مێژوونووسان تۆزێک ڕەخنەییانە سەرنجی ئەم ژمارەیەیان بدایە، دەیانزانی ناکرێت ڕاستەقینە بێت. بۆ ئەم مەبەستەیش چەند هۆکارێک دەهێنێتەوە:
١- قورسە سوپایەکی ئاوا گەورە بتوانێت وەکو تاقە یەکەیەک بجەنگێت.
٢- ناوچەکە نەیتوانیوە ژمارەیەکی ئاوا قەبەی جەنگاوەر هەڵبگرێت.
٣- لۆجیک وا دەخوازێت بەڕێوەبردنی سوپایەکی وا نزیک لە ئەستەم بووبێت، چونکە سەرکردەکە ناتوانێت هەموویان ببینێت و هەندێکیان لە مەودای چاوی دەردەچوون، لە ئەنجامیشدا گرۆ جیاوازەکانی نەیاندەزانی چی بکەن.
٤- سوپای فارسەکان، کە ئیمپڕاتۆریەتەکەیان زۆر گەورەتر بووە، لە ٢٠٠٠٠٠ سەرباز پێک هاتووە. ئەگەر ژمارەی سوپای بەنو ئیسرائیل ئاوا گەورە بوایە، دەبوو حوکمی ڕووبەرێکی زۆر گەورەتر بکەن (پەیوەندیی قەبارەی سوپا و ڕووبەری فەرمانڕەوایی لای ئیبن خەڵدون ڕاستەوانەیە).
٥- ناکرێت لە ماوەی چەند نەوەیەکدا لە یەعقوبەوە تا موسا بەنو ئیسرائیل بەو ڕێژە بەرزە زیاد بکەن؛ واتە یەک نەفەر لەو ماوەیەدا ئەو ژمارەیەی لێ بەرهەم نایەت.

ئیبن خەڵدون نموونەی تریش دەهێنێتەوە، بەڵام کرۆکی قسەکە ئەوەیە پێویستە یاساکانی کۆمەڵگە و مێژوو و جوگرافیا و زۆرشتی تر بزانیت، ئینجا دەتوانیت هەڵسەنگاندنی ورد بۆ بانگەشەکان بکەیت. لانی کەم دەبێت بە تێڕوانینێکی ڕەخنەییەوە بڕوانیت و باوەڕ بە هەمووشتێک نەکەیت. ئەوەی ئیبن خەڵدونی لە مێژوودا بێزار کردبوو، ئێستا بە شێوازی دیکە بەرجەستە بووە. زۆرێک لە دەزگاکانی هەواڵ هەواڵی ناڕاست بڵاو دەکەنەوە و زۆرینەی خەڵکیش باوەڕیان پێ دەکەن، چونکە ڕۆڵێکی پاسڤ یاخود ناچالاکیان هەیە. دەزگا و دەوڵەت و دامەزراوە بەدەکان لەوە تێگەیشتوون خەڵکی خۆشباوەرن و زوو فریو دەخۆن، بۆیە تاکتیکی ورد بۆ فریودانی خەڵکی بەکار دەهێنن. لە جەنگی غەززەدا ساڵێک و زیاتریش زۆرێک لە ڕۆژئاواییەکان بە هەواڵێک فریو درابوون کە ئیسرائیل لە سەرەتای شەڕەکەدا بڵاوی کردەوە: هەواڵی سەربڕینی منداڵ. ئەگەرچی بەڵگەیەکی ئەوتۆ نەبوو، بەڵام توانییان ماوەیەکی باش خەڵکی پێوە سەرقاڵ بکەن.

لە قۆناغی ئێستاماندا، زیرەکیی دەستکرد بابەتەکەی ئاڵۆزتر کردووە. زۆرێک لە خەڵکی ناتوانن جیاوازیی وێنە و ڤیدیۆی زیرەکیی دەستکرد و وێنە و ڤیدیۆی ڕاستەقینە بکەن. ناحەقیشیان نییە، چونکە هەمیشە ئاسان نییە. جیا لەوە، ئێستا ڕێژەی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی بە زیرەکیی دەستکرد دروست دەکرێن چەندهێندەی وێنە و ڤیدیۆ ئاساییەکانە، بۆیە وێنە و ڤیدیۆکانی زیرەکیی دەستکرد وردەوردە لەوانی تر باوتر دەبن، بۆیە چاومان پێیان ڕادێت. مادام دۆخەکە وایە، دەبێت ئەقڵی ڕەخنەییمان زیاتر بخەینە گەڕ، نە خۆمان کەس بەو وێنانە فریو بدەین، نە بیشهێڵین کەس فریومان بدات.
❤4
January 26, 2026 299 1