پێشەکی: post #431 — TG.ME

پێشەکیدیوە وێرانکەرەکەی زیرەکیی دەستکرد
ساڵانێک لەمەوبەر، وەختێک تەنها فەیسبوک و تویتەر بەناوبانگ بوون، خەڵکێک لای وا بوو تویتەر شوێنێکی فەرمیترە؛ دەیانگوت تویتەر وەکو فەیسبوک نییە هەموو جۆرە کەسێکی تیادا بێت، بەڵکو کەسە دیار و بەناوبانگەکان لەوێن، سەرۆکی وڵاتان پۆستی تیادا دەکەن؛ جیا لەوە، دەیانگوت تویتەر سنووری زۆرە و ڕێگە بە بابەتی درێژ نادات. بە کورتییەکەی، فەیسبوکیان وەکو شوێنی عەوام و تویتەریشیان بە شوێنی دەستەبژێر دەزانی.

ئێستا ئیدی دەرکەوتووە هەردووکیان بازاڕین و هەردووکیان خزمەتی ستەمکاری و پڕوپاگەندەی سیستمی زاڵ و پوچگەرایی و بەکاربەری دەکەن. لەگەڵ ئەوەیشدا، لە حەفتەکانی ڕابردوودا ئێکس، واتە تویتەر، توانیی بگاتە ئاستێکی تازەی داڕمانی ئەخلاقی؛ ئاستێک کە هێندە نزمە، بەسە بۆ ئەوەی بزانین ئەوانەی لە پشت ئەم تۆڕانەوەن چ جۆرە مرۆڤانێکن.

چی ڕووی دا؟ زیرەکیی دەستکردی ئێکس، واتە گرۆک، سیستمی ڕووتکردنەوەی ئافرەتانی چالاک کرد! ئێستا ئیدی دەکرێت ئافرەتێک وێنەیەکی خۆی لە ئێکسدا دابنێت کە تەنها دەموچاوی دیار بێت، کەچی کەسێک بە ئەکاونتێکی نەناسراوەوە لە ژێر پۆستەکەیدا بڵێت: گرۆک، ئەم کچەم بۆ ڕووت بکەرەوە. گرۆکیش ڕێک لەوێدا ئەوەی بۆ دەکات. بەپێی هەژمارکردنێکی گاردیان، لە ٨ی ئەم مانگەدا هەموو کاتژمێرێک ٦٠٠٠ وێنەی ئاوا لە ئێکسدا دروست دەکات. بێگومان ئەمە تەنها لە ئێکسدا، ئەگەر ماڵپەڕی سەربەخۆی گرۆک هەژمار بکەیت ژمارەکە زۆر بەرزترە.

بێگومان ئێکس ڕوویەکی فەرمیی هەیە و زیرەکییە دەستکردەکەیشی بە هەمان شێوە. دەیان زیرەکیی دەستکردی تر هەن زۆر خراپتر ئەم کارە دەکەن و هیچ سنوورێکیشیان لەسەر نییە. دەتوانین لێرەوە چەند خاڵێک ڕەچاو بکەین. یەکەم: سەردارانی سیستمی جیهانی و کۆمپانیاکان کەسانێکی نزمن بۆ ڕماندنی ئەخلاق و کۆکردنەوەی زیاتر سامان و دەسەڵات لە هیچشتێک ناگەڕێنەوە؛ ئەوەیشی دوێنێ بە نهێنی کردوویانە، ئەمڕۆ بە ئاشکرا دەیکەن.

دووەم و گرنگتر لە یەکەم، ئایینی ئیسلام لە زووەوە ئەوەی چەسپاندووە مرۆڤ زۆر خۆی دەرنەخات، بە تایبەتی ئافرەت. ئێستا ئیدی کە زیرەکیی دەستکرد بە جۆرێک بەهێز بووە زۆرجار کەسانی زیرەکیش ناتوانن بە ئاسانی وێنە و ڤیدیۆ دەستکردەکان لە وێنە و ڤیدیۆ ڕاستەقینەکان جیا بکەنەوە، تێکدانی خانەوادەیەک لە ڕێگەی وێنەی یان ڤیدیۆیەکی وەهاوە زۆر ئاسانترە. هەموو ئەوەی پێویستە ئەوەیە ئەقڵنەخۆشێک وێنەیەکی دەست بکەوێت و ئیدی دەتوانێت چی بوێت لێی بکات. لەم ڕووەوە خۆپاراستن لە دانانی وێنە و ڤیدیۆ باشترین کارە، بە تایبەتی بۆ خانمان، چونکە نێچیری سەرەکیی ئەم کارەن، هەروەها منداڵانیش، چونکە لاتان سەیر نەبێت، بەشێکی دیاری ئەو وێنە بەسێکسیکراوانە هی منداڵانن. هیچ کەسێک شایستەی ئەوە نییە ناڕەحەتییەکی لەم شێوەیە بچێژێت، بۆیە خۆپاراستن لە دژی ئەم سیستمە داڕماوە باشترین کارە.

هەمووی ڕەشبینانە نییە؛ دەتوانین لەو ڕووەوە گەشبین بین لە مێژوودا هەر شارستانیەتێک ئاوا لە ڕووی ئەخلاقییەوە، بە تایبەتییش ئەخلاقیاتی سێکسی، داڕمابێت، زۆری نەبردووە خودی شارستانیەتەکەیش داڕماوە و کۆتایی هاتووە. جەی دی ئەنوین توێژینەوەیەکی لەم جۆرەی هەیە، بەڵام ئەوە بۆ کاتێکی تر. خودا هەموان بپارێزێت.
❤14👍7❤‍🔥4
January 14, 2026 460 2 9