ئەی ئەو کەسەی قورئان بووەتە غەریبە لە ماڵ و دڵتدا.. ئایا دەزانی چی لەدەست
دەدەیت؟
پێش هەموو شتێک، وێنای ئەو دیمەنە بکە کە لە ڕۆژی قیامەتدا بەرۆکت دەگرێت؛ کاتێک
پێغەمبەری خوا (ﷺ) کە هیوای هەموومانە بۆ شەفاعەت، گازندە لەو کەسانە دەکات کە
قورئانیان فەرامۆش کردووە. خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وَقَالَ الرَّسُولُ يَا رَبِّ
إِنَّ قَوْمِي اتَّخَذُوا هَٰذَا الْقُرْآنَ مَهْجُورًا﴾ [الفرقان: ٣٠] واتە:
«پێغەمبەر (ﷺ) گوتی: ئەی پەروەردگارم! بەڕاستی گەلەکەم ئەم قورئانەیان پشتگوێ خست و
لێی دوورکەوتنەوە.» تەسەور بکە، پێغەمبەرێک کە بۆ هەموو کەس دەپاڕێتەوە، لەوێدا
گازندەت لێ دەکات چونکە کتێبەکەی خوات پشتگوێ خستووە!
ئەو دڵتەنگییەی لە دڵتدا هەستی پێ دەکەیت، دەزانی هی چییە؟ زۆربەمان بەدوای
ئارامیدا دەگەڕێین لە کاتێکدا سەرچاوەی ئارامییەکە لەسەر ڕەفەی ماڵەکانمان تەپوتۆز
نیشتووە. خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وَمَنْ أَعْرَضَ عَن ذِكْرِي فَإِنَّ لَهُ
مَعِيشَةً ضَنكًا﴾ [طه: ١٢٤] واتە: «هەر کەسێک ڕوو وەرگێڕێت لە قورئان و یادی من،
ئەوا بەڕاستی ژیانێکی تەنگ و ناخۆشی بۆ هەیە.» ئەگەر هەست بە خنکان و تهنیایی
دەکەیت، ئەوە چونکە ڕۆحت تینووی ئەو نوورەیە کە تەنها لە قورئاندا دەستی دەکەوێت.
دڵت وەک ماڵێکی وێران لێ هاتووە! پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرمووێت: «إنَّ الَّذي
لَيْسَ في جَوْفِهِ شَيْءٌ مِنَ القُرْآنِ كَالْبَيْتِ الْخَرِبِ» [رواه الترمذي
وقال حديث حسن صحيح] واتە: «ئەو کەسەی هیچ شتێک لە قورئان لە ناو ناخ و دەروونیدا
نییە، وەک ماڵێکی وێران وایە.» ئایا ڕازی دەبیت دڵت وەک کەلاوەیەکی وێران و تاریک
بێت؟ قورئان ئەو ئاوەدانییەیە کە ژیان دەگەڕێنێتەوە بۆ ناو دڵە مردووەکان.
قورئان یان پارێزەرتە یان دوژمنت! پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرموویەتی: «والقُرْآنُ
حُجَّةٌ لَكَ أَوْ عَلَيْكَ» [رواه مسلم] واتە: «قورئان بەڵگەیە بۆت (ئەگەر کاری پێ
بکەیت و بیخوێنیتەوە)، یان بەڵگەیە لەسەرت (ئەگەر فەرامۆشی بکەیت).» ڕۆژێک دێت کە
کەس فریات ناکەوێت، لەوێدا قورئان دێت؛ یان دەبێتە پارێزەر و شەفاعەتکارت، یان
دەبێتە گازندەکار لێت. کامەیان هەڵدەبژێریت؟
خۆشییەک لەدەست دەدەیت کە تەنها ئەوانە دەیزانن کە لەگەڵ قورئان دەژین پێغەمبەر (ﷺ)
دەفەرمووێت: «اقْرَؤُوا القُرْآنَ فإنَّه يَأْتي يَومَ القِيامَةِ شَفِيعًا
لأَصْحابِهِ» [رواه مسلم] واتە: «قورئان بخوێنن، چونکە لە ڕۆژی قیامەتدا دێت و
شەفاعەت بۆ هاوەڵانی (ئەوانەی دۆستی بوون) دەکات.» ئەو قورئانەی ئەمڕۆ لەسەر
مێزەکەت غەریبە، دەکرێت لەناو گۆڕ و لە مەیدانی قیامەتدا بێتە تەنیشتت و دەستت
بگرێت بۆ بەهەشت.
ئەی برا و خوشکی ئازیزم.. هێشتا کات ماوە. قورئان تەنها بۆ سەر قەبران و بۆ ناو
تەعزییە نییە؛ قورئان نامەیەکی خۆشەویستییە لەلایەن خوداوە بۆ تۆ، تا ڕێگات بۆ
ڕووناک کاتەوە.
- چاوێک بە تەمەنتدا بخشێنەوە؛ چەند کاتت بۆ سۆشیاڵ میدیا و قسەی بێ سوود داناوە؟
ئایا خوا شایەنی ئەوە نییە تەنها ١٠ خولەک لە کاتت بدەیت بە کتێبەکەی؟
هەستە و ئێستا دەست پێ بکە.. دەستنوێژێک بگرە، قورئانەکە بەرز بکەرەوە، ماچی بکە و
داوای لێبووردن لە پەروەردگارت بکە. تەنها یەک لاپەڕە بخوێنە و بزانە چۆن دڵت دەست
دەکات بە لێدانێکی جیاواز.
خوایە دڵەکانمان بە نووری قورئان ئاوەدان بکەرەوە و مەکەمان لەوانەی کە
پێغەمبەرەکەت (ﷺ) شکاتیان لێ دەکات. ئامین.



