وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم گرانتێکی ٢٠٠ هەزار دۆلاریی ئەمریکی بۆ زانکۆکانی کوردستان ڕادەگەیەنێت
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گشتاندنێکی فەرمی بۆ سەرجەم زانکۆ حکومی و تایبەتەکان، ئەنجومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان و دەستەی کوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی بڵاوکردووەتەوە سەبارەت بە هەلێکی دارایی گرنگ.
بەپێی نووسراوەکە، کە واژۆی پ.ی.د. یاسین ساڵح حەمە، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکانی بەسەرەوەیە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گرانتێک (هەلی دارایی) بە بڕی ٢٠٠,٠٠٠ (دوو سەد هەزار) دۆلاری ئەمریکی بۆ پڕۆژەی (U.S. Mission Iraq Education USA Roadshow) تەرخانکردووە.
ئامانجی ئەم پڕۆژەیە بەهێزکردنی هاوبەشییە لە نێوان زانکۆ ئەمریکییەکان و زانکۆکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، لە چەند بوارێکی گرنگدا، لەوانە:
پەرەپێدانی خوێندنی ژیریی دەستکرد (AI).
پڕۆگرامە تەکنەلۆژییەکان.
پەرەپێدانی بەرنامەی بڕوانامەی هاوبەش (Joint Degree).
پەرەپێدانی بەرنامەی ئاڵوگۆڕی خوێندکار و قوتابی و مامۆستایان.
وەزارەتی خوێندنی باڵا داوا لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەکات کار بۆ پێشکەشکردنی داواکاری بۆ سوودمەندبوون لەم گرانتە بکەن.
دواکاتیش بۆ پێشکەشکردنی داواکاری بریتییە لە ١١ی ئەیلوولی ٢٠٢٦.









