💫 پەیکەرێک دەدوێ
✍ ژیار ئەسوەد
(پێشکەش بە دلاوەر ڕەحیمی)
✅ تۆ! دەتزانی خوا نی، کەچی دەتگوت گەردوونێکم هەیە. ئەو گەردوونە گۆشتی هەبوو، دەمار و دەماخ و خوێن. بە ڕێڕەوی پەرەسەندنی تۆدا گەیشتبوو. چاوی هەبوو، لووت، گوێ، دەم. گەردوونەکە هێند کشا هێند کشا هێند کشا تەقی. ئینجا بوو بە پەیکەرێک. ئەوسا یادگەت هەرچی هەبوو و نەبوو سڕییەوە سەبارەت بەو. لەوانەیە ئەمە سەلماندنێ بێ کە تۆ لە توخمی مرۆڤی. چونکە مرۆڤ، یادگەی هەیە بۆ ئەوەی ئەو گەردوونانە لە بیر کا کە هەستی خوایەتیی دەدەنێ و قۆڕترین یادەوەرییەکانی بۆ بهێڵێتەوە تاکو لە دۆزەخیاندا تەپاوتل بدا.
تاوێ دادەنیشم مێشکە ئیسفەنجییەکەت دەگوشم. جا گەر ڕەشاوی لێ بچۆڕێ، گلەیی مەکە، مەترسە، ئەمە ئێمەین -مرۆڤ- کەواتە دڵگیر مەبە، گوێ بدێ.
پێت گوت «جوانە!» ئەو کەسەی بە تەنیا، بۆ چەند سەعاتێک لەسەر کەرەوێتە یا لە ڕۆخی شۆستەیەک دانیشت لە ڕۆمانەکەدا. کە لە فیلمێکیش دەرکەوتەوە، لە دڵەوە خۆزگەت خواست ژیانت بڕێ تاڵتر بووایە هاوتای وی- لە کەشێکی سارد و، کەلوپەلی ڕەنگمردوو لە دەوروبەر و، قاوەیەکی ساردبووەوە لەناو جەزوەیەکی کۆن و، باڕەش قۆڵی کراسێ بە تەنافەوە بگرێ و بە ئەرزی دادا و، پاشان بێدەنگی و، پاشانی دواتر فڕینی پۆلێ کوکوختی و، پاشانەکانی دواتر سۆڵۆی پیانۆیەکی خەمناک، کە لات وایە پڕ بە پێستی وێنەکەیە. هەمان کەس، ئێستا وا لەناو ماڵەکەتە. پەیکەرێکی تۆزاوی. پەیکەر ئیتر ناتوانێ لەناویدا ئەستێرە هەڵگرێ و لەناویدا بکشێ.
گڵۆپ دەکوژێنیتەوە. چاوت دادەپۆشی. کە دەکەوێ، ڕووگرژی و چیڕکردنەوەی ددانت. لە کەلێنی دوو پەنجەی ناوەڕاستەوە دزەنیگا دەکەی و دەچرپێنی: «پیاح! لەو ژیانە بێزەوەرەی.» حەز دەکەی سەراپای لەشت لاق بێ، بۆ ئەوەی تێی هەڵدەی، لێی هەڵبێی.
بەدیار گرتە درێژەکانی تار و تارکۆڤسکی و ئاکەرمان دانیشتی. لەو جۆرانەی جگەرەیەک یەک قوومی ماوە بگاتە ئاغزەکەی و بە دەست کەسایەتییەکەوەیە و ئەو بە نیو سەعات مژی لێ دەدا. لەو نێوەندەدا مێشێکی سەرگەردان ناتوانێ دەرچەیەک بدۆزێتەوە، سەرلەئەخیر بە کپی لەسەر سۆتەک وڕ دەکەوێ.
✅ درێژەی ئەم شیعرە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە:
https://jineftin.krd/2026/08/23/پەیکەرێک-دەدوێ/









