یەکێتی دەنگ بە هەیبەت حەلبوسی و پارتی دەنگ بەموسەننا سامەڕائی دەدات
پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتمانى کوردستان لە پرسى دەنگدان بە کاندیدى سەرۆکى پەرلەمان هاوڕانین و هەریەکەیان دەنگ بە کاندیدێک دەدات.
بە گوێرەى زانیارییەکانى بوار، پارتى خۆى یەکلاکردووەتەوە و دەنگ بە موسەننا سامەرائى دەدات، کە خۆى لە دەرەوەى لایەنە سوننەکان کاندید کردووە بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمان.
هەر بە گوێرەى زانیارییەکان، هۆکارى ئەوەى پارتى دەنگ بە موسەننا سامەرائی دەدات ئەوەیە، کە پێشتر لە کاتى هەڵبژاردن لە هەردوو پارێزگاى سەڵاحەدین و دیالە هاوپەیمانى لەگەڵ دروست کردبوو، لەو رێگەیەشەوە دوو کاندیدى بۆ پەرلەمان دەرچوو.
لە بەرامبەردا زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، کە یەکێتى پێچەوانەى پارتى دەنگ دەدات و دەنگیش بە هەیبەت حەلبوسى کاندیدى سوننەکان دەدەن، کە محەمەد حەلبوسى سەرۆکى هاوپەیمانى تەقەدوم کاندیدى کردووە و زۆرینەى سوننەکان پشتگیرى دەکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە بڕیارە کاتژمێرى ١٢ـى ئەمڕۆ پەرلەمانى عێراق کۆبوونەوەى یەکەمى خۆى بۆ خولى شەشەم بکات و بە گوێرەى بەرنامەى کارى کۆبوونەوەکەش، دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى عێراق هەڵدەبژێرێت.
1December 29, 2025 1K 1