ئایا ئیمۆجی ئاڵای کوردستان بە واژۆ کۆکردنەوە دروست دەبێت؟ (ڕاستییەک کە پێویستە بیزانیت)
سڵاو هاوڕێیان، ماوە ماوە لە سۆشیاڵ میدیا کەمپین و پەیجی واژۆکۆکردنەوە (وەک سایتی Change org) دەبینین کە دەڵێن: "واژۆ بکە بۆ ئەوەی ئیمۆجی ئاڵای کوردستان زیاد بکرێت". ئەمە ئەگەر بەڕاستی ببوایە شتێکی جوانە، بەڵام ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە ئەم جۆرە کەمپینانە تەنها کات بەفیڕۆدانن و هیچ ئەنجامێکیان نابێت.
تاکە ڕێگا بۆ ئەوەی ئیمۆجی ئاڵای کوردستان زیادبکرێت، لەڕێگەی یونیکۆدەوەیە کە دواتر لە ڕێگەی ئەپدەیتێک و قۆناغ بە قۆناغ زیاد ئەبێت.
وە یونیکۆد بەهیچ شێوەیەک لەڕێگەی کەمپینی ئیمزا و ئەم جۆرە شتانە ئاڵا زیاد ناکات تەنانەت خۆشیان ئاگاداریان داناوە کە بەم شتە قبوڵ ناکرێت.
وە تاکە ڕێگا بۆ زیادکردنی ئیمۆجی ئاڵا لەڕێگەی بەدەستهێنانی کۆدی iso کە ئەمیش دوو جۆرە، یەکیان بۆ وڵاتە سەربەخۆکان یەکیان بۆ ئەوانەی سەربەخۆ نین. بۆ کوردستان کە سەربەخۆ نیە ئەبێت لە بەغداوە داواکاری لە یونیکۆد بکات بۆ کۆدی ISO 3166-2 بۆ کوردستان، بەڵام بەغدا ئەم شتە ئەکات؟
بەڵگەکان:
بەڵگەی یەکەم: یونیکۆد سەیری کەمپین ناکات
ڕێکخراوی یونیکۆد بە فەرمی لە یاساکانی خۆیدا (بەشی Factors for Exclusion) نووسیویەتی:
Petitions, hashtags on social media, and anecdotal evidence are not acceptable data, and will not be considered.
داواکارییە فەرمییەکان (کەمپین)، هاشتەگەکانی سەر سۆشیاڵ میدیا، و بەڵگە سەرزارەکییەکان (چیرۆکی بیستراو) وەک داتا و زانیاری وەرگیراو ئەژمار ناکرێن و ڕەچاو ناکرێن.
بەڵگەی دووەم: مەرجی سەرەکی بوونی کۆدی ISOـیە
یاسای یونیکۆد بۆ ئاڵای وڵاتان زۆر توندە. ئەوان دەڵێن:
Flags: The Unicode Consortium will no longer accept proposals for flags. Flags that correspond to officially assigned ISO 3166-1 alpha-2 region codes are automatically added, with no proposals necessary.
ئاڵاکان: کۆمەڵەی یونيکۆد (Unicode Consortium) چیتر پێشنیار بۆ ئاڵاکان قبوڵ ناکات. ئەو ئاڵایانەی کە هاوتايەکیان هەیە لەگەڵ کۆدە ناوچەییە فەرمییەکانی ISO 3166-1 alpha-2 بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی زیاد دەکرێن، و پێویست بە هیچ پێشنیارێک ناکات.
سەرچاوە: Guidelines for Submitting Unicode® Emoji Proposals
ئەمە چی دەگەیەنێت؟
هەرێمی کوردستان وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە نەتەوە یەکگرتووەکان نییە تا کۆدی (ISO 3166-1)ی هەبێت. بۆ بەدەستهێنانی کۆدی ناوچەیی (ISO 3166-2)ش، پێویستە حکومەتی ناوەندی لە بەغدا داواکاری پێشکەش بە ڕێکخراوی ISO بکات بۆ جێگیرکردنی کۆدەکە، کە ئەمەش بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە نەکراوە. بەبێ ئەم کۆدە، لە ڕووی ئەندازیاریی کۆمپیوتەرەوە هیچ سیستمێک ناتوانێت ئیمۆجییەکە بناسێت.
کورتەی قسە:
خۆتان هیلاک مەکەن بەم پەیج و لینکە ساختانەوە. زۆر جار ئەم کەمپینانە تەنها بۆ کۆکردنەوەی لایک، ئیمەیڵ، یان زانیاری گەنجان بەکاردێن لەسەر حسابی سۆزی ئەوان. پرسی ئیمۆجی ئاڵا بابەتێکی سیاسی و دیپلۆماسییە لە نێوان حکومەتەکان و ڕێکخراوی ISO، نەک بە لایک و واژۆی سەر هێڵ.
بۆیە فێڵ لە خۆمان نەکەین و کاتی خۆمان بەم شتانەوە نەکوژین! 🤝
بۆیە ئەم نووسینەشم ئامادە کردووە کەمپینێکی نوێم بەرچاو کەوت
دۆستی پشتیوان











