کورتە چیرۆکێکی جوان لە ئانتوان چیخۆڤ پێشکەش بە ئێوە:
لە دێیەکەی دوور و چەپەکی ڕووسیە، کابرایەکی دێهاتییان لەکاتی کردنەوەی بورغو واتا پێچەکانی هێڵی شەمەندەفەر قۆڵبەست کرد..
لێپێچەر (بازڕەس):
«دەزانی گیانی هەزاران کەست خستووەتە مەترسییەوە؟ بۆچی ئەو پێچانە دەکەیەوە؟»
دێهاتی:
« تەنیا پێچێکە ئەرباب... بۆ قورس کردنی قولاپی ماسی گرتنەکەم پێویستم پێیەتی.
من کە زیان و ئازارم بۆ کەس نیە. تازە، تەواوی خەڵکی دێیەکە هەر ئەو کارە دەکەن؛ پێچێک دەکەینەوە و پێچێکیش بەجێ دێڵین.
لە وانە و دەرسی فیزیکدا خوێندوومانە، کێش دابەش دەبێ و شەمەندەفەر وەرناگەڕێ.»
لێپێچەر:
« ئەوە شێتییە! یانی کەیخودا ئەوە نابینێ؟»
دێهاتی:
« چۆنی نابینێ؟ ئەو تەنانەت قفڵی پازگا و ماڵی خۆشی لەو پێچانە ساز کردووە. سەرەنجام خۆڕاییە ئیتر...»
لێپێچەر:
« باشە، ئەگەر مووچەکەتان بۆ زیاد بکەین چی؟ دەست هەڵدەگرن لەو دزیی کردنە؟»
دێهاتی:
« بابەتەکە پووڵ نیە ئەرباب بەڵکوو عادەتە. ئەگەر بە منداڵی دادپەروەری و ڕەوشتمان فێر نەکەن، کە گەورەش بووین، تەنانەت ئەگەر گیرفانیشمان پڕ لە پووڵ بێ، دیسانیش دەست هەڵناگرین لە کردنەوەی پێچەکان و درێژە بەو کارە دەدەین.»
لێپێچەر کە زراوی چووبوو لەو هەمووە نەزانییە، بۆ نووسینی ڕاپۆرتی خۆی سواری شەمەندەفەرێک بوو کە بەرەو پێتەخت دەڕۆیی. هەر بەمجۆرەی کە لەپشت پەنجەرەوە دەیڕوانێ دەرێ، لەبەر خۆیەوە ورتەورتی بوو:
« ئەم چارەڕەشییە ڕۆژێک کارەساتی لێدەکەوێتەوە...»
لەو کاتەدا، منداڵێکی کەم تەمەنی لەقەراخ هێڵی شەمەندەفەرەکە بینی کە دوو پێچی بە دەستەوە بوو. منداڵ بە پێکەنینەوە دەستی ڕادەوەشان.
لێپێچەر لەترسان هاواری کرد:
« شەمەندەفەرەکە ڕاگرە!»
بەڵام ئیتر زۆر درەنگ ببوو. دەنگێکی بەسام و گوێ کەڕکەر لە وێککەوتنی کانزا و ئاسنەواڵەمان بیست.
ئەو منداڵە نە فیزیکی دەزانی نە قانوون و ڕێسای «پێچ نا پێچێک» واتا پێچێک بکاتەوە و یەک بەجێ بێڵێ. ئەو هەر ئەو کارەی کردبوو کە لە گەورەکانی بینیبوو؛ بەو جیاوازییە کە دوو پێچی پاڵ یەکی پێکەوە کردبۆوە.
شەمەندەفەر وەرگەڕا.
تۆوێک کە نەزانی چاندبووی، لە خاکێکی کە بە بێدادی و نادادپەروەری ئاو درابوو، وەک کارەساتێکی گەورە دوورایەوە.
خەتای کێیە یان گوناهکار کێیە؟
تاوانباری ئەسڵی کێیە؟
« کۆمەڵگایەک کە نەزانی بە شتێکی ئاسایی دەزانێ، سیستمێک کە قازانج و بەرژەوەندی سەرتر لە ڕەوشت و ئەخلاق دەزانێ، فەرهەنگ و کولتووری «هیچ نابێ» کە مەخابن لە زۆر کۆمەڵگادا جێ کەوتووە وە تەواوی ئەو کەسانەی کە لەهەمبەر هەڵە و ناڕاستی بێدەنگ دەبن.»
بەم هۆیە هێندێ کۆمەڵگا لەپڕایەکی ناڕووخێن بەڵکوو، سەرەتا پێچەکانیان شل دەبنەوە.
ئانتوان چیخۆڤ
وەرگێڕان: کامیل ئاغابەیگ پوور
۱۵ی خەرمانانی۲۷۲۶ی کوردی
وەرگیراو لە لاپەڕەی کابان
دیاری هاوڕێی زۆرخۆشەویست ڕەشەممە ❤🙏
👇👇👇
@gawrkayati
Forwarded fromگەورکایەتی
5September 7, 2026 87