چڕبوونەوەی ئۆپەراسیۆنی دەریایی ئەمریکا لە ڕێڕەوە گرنگەکانی ناوچەکەدا، شادەماری بازرگانیی ڕێژیمی ئێرانی بەتەواوی پەکخستووە و کۆنتڕۆڵی هاتوچۆی کەشتیوانیی لە دەستی دەسەڵاتدارانی تاران دەرهێناوە.
ستادی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند کە هێزەکانیان لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی شەپۆلی دووەمی ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تا ئێستا ڕێڕەوی ۹٤ کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە.
سێنتکام هەروەها ئاشکرای کرد کە بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی تەواوی گەمارۆ دەریاییەکان بۆ سەر بنکە و بەندەرەکانی ئێران، سێ کەشتییان بەتەواوی لەکار خستووە و پشکنینیان بۆ دوو کەشتیی دیکەش کردووە.
هاوکات فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا وێنەی فڕینی شەوانەی فڕۆکەیەکی F-18ی لەسەر پشتی ناوی فڕۆکەهەڵگری "یووئێسئێس جۆرج ئەیچ دەبڵیوو بوش" بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە ئەم ناوە لە دەریای عەرەبدا سەرقاڵی پشتیوانیکردنی ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابوورییە.
بەپێی ڕاپۆرتە مەیدانییەکان، هێزەکانی ئەمریکا هاوشانی ڕێگری لە چوونهدەرەوە و هاتنەژوورەوەی نەوتهەڵگرەکانی ڕێژیم لە بەندەرەکانی ئێراندا، ئەمنییەتی دەربازبوونی نەوتهەڵگرەکانی وڵاتانی باشووری کەنداویان لە گەرووی هۆرمۆزدا دابین کردووە.
