ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لە سنە، سەقز و زێویە، مەریوان و سەوڵاوا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا بەنیسبەت کارەساتە دڵتەزێنەکەی ڕێگای سنە ــ هەمەدان و گیانلەدەستدانی لانیکەم ١١ هاووڵاتی ڕەخنەی توندیان لە بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی گرت و بە کەمتەرخەم و خەمسارد ناویان بردن.
لە بەشێک لەو بەیاننامەدا هاتووە: "ڕێگاکانی کوردستان بوونەتە مەکۆی کارەسات و کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی ئەم وڵاتە. .ڕێژەی زۆری ئەم ڕووداوانە کە مەرگ و برینداربوونی بە کۆمەڵی لێکەوتووەتەوە، ڕۆژژمێری تایبەت بە خۆی لە ڕای گشتی تۆمار کردووە".
هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە "لە تێکڕای ئەم کارەساتانەدا کە لێکەوتەی نابەرپرسیارەتی و کەمتەرخەمیی بەرپرسانە، هیچ بەرپرس و ناوەندێک بەرپرسیارەتیی لەئەستۆ نەگرتووە و کەس نەچووەتە بەردەم دادگا. لێپێچینەوە لەگەڵ هیچ تاوانبارێکی ڕاستەقینەی ئەم ڕووداوە یەک لە دوای یەکانە نەکراوە".
لەو بەیاننامەدا بە ئاماژەدان بە هەڵسووکەوتی بەرپرسانی ڕێژیم لەو پێوەندییەدا هاتووە کە "بەرپرسان هەمووی ئەمانە دەبینن، بەڵام بەنیسبەت گیانی خەڵکی کوردستانەوە کەمتەرخەمن".
لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوە کە "ئێمە وەک ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لە بەرانبەر هەر ڕووداوێکی پێوەندیدار بە چارەنووسی خەڵکی کوردستان، بنەماڵەکانیان و قوتابییانەوە بێدەنگ نابین".
لە کۆتاییدا ئەنجومەنی مامۆستایانی کوردستان چەند داواکارییەکی بەپەلەیان ڕوو لە بەرپرسانی ڕێژیمی تاران خستووەتە ڕوو کە لە یەکیاندا باس لە "سزادان و لابردنی نابەرپرسانی مشەخۆر و سێبەرنشین کە هیچ مەرگێک و هیچ ڕووداوێ ڕایانناچڵەکێنێ و ویژدانی خەوتوویان وەخەبەر ناهێنێ" کراوە.
