بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین و جێگرکردنی هێزە ئەمنییەتییەکان لە… — ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات — TG.ME

🔸بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین و جێگرکردنی هێزە ئەمنییەتییەکان لە بەنزینخانەکاندا
 

شکستی ئابووری و کەمیی سەرچاوە داراییەکان لە سایەی کارزاری "ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری"، دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ناچار کردووە باجی قەیرانی سووتەمەنی بخەنە سەر شانی هاووڵاتییان و لە ترسی سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان، هێزە ئەمنییەتییەکان لە بەنزینخانەکاندا جێگیر بکەن.

بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ۱۷ی خەرمانان، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی فەرمی نرخی "پشکی ئازادی پۆمپ بەنزینەکان"ی دوو بەرابەر کرد و گەیاندیە ١٠ هەزار تمەن بۆ هەر لیترێک.

بەو پێیە، هەر کەسێک زیاتر لە ١١٠ لیتر لە مانگێکدا بەکار بهێنێت، دەبێ بۆ هەر لیترێک ١٠ هەزار تمەن بدات کە دوو بەرابەری پێش دەستپێکی شەڕە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم، نرخی ١٥٠٠ تمەنی (پشکی یەکەم) و ٣٠٠٠ هەزار تمەنی (پشکی دووەم) هەر وەک خۆی ماوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ئاسۆشەیتێدپرێس"، ڕاستەوخۆ دوای جێبەجێکردنی نرخە نوێیەکە، هێزە ئەمنییەتی و لیباس شەخسییەکان بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دروستبوونی هەرجۆرە ئاڵۆزی و ناڕەزایەتییەک کە پێشتریش لە ساڵی ۱۳۹۸دا سەرکوتی خوێناوی و کوژرانی سەدان هاووڵاتیی لێ کەوتبووەوە بە چڕی لە دەوروبەری بەنزینخانەکاندا جێگیر کراون.

ئەم بڕیارەی ڕێژیم لەکاتێکدایە کە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا ئاستەنگی گەورەی بۆ هاوردەکردنی سووتەمەنی و هەناردەی نەوت لە کۆماری ئیسلامی دروست کردووە؛ بەمەش توانای دارایی ڕێژیم بۆ دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکان و پشتگیریی گرووپە نیابەتییەکانی بەتەواوی کەم بووەتەوە.

بەرپرسانی ڕێژیم بۆ ئەوەی بەرزبوونەوەی نرخ بێبایەخ بکەن، ئاماژە بەوە دەکەن بڕیارەکە تەنیا ۱٥٪ی بەکاربەران دەگرێتەوە؛ لە کاتێکدا ئەو بەرزبوونەوەیە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و بچووکتربوونی سفرەی خەڵک.

ئەوە لەکاتێکدایە کە بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە گەیشتووەتە ٦۷ لەسەد.
پێشتر بەرپرسانی ڕێژیم ڕایانگەیاندبوو کە بەکارهێنانی بەنزین ڕۆژانە گەیشتووەتە ١٤٥ میلیۆن لیتر، لە کاتێکدا ئاستی بەرهەمهێنانی نێوخۆیی ڕۆژانە ١٢٢ میلیۆن لیترە.
 

🔵ماڵپەڕی فەرمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران:

🌐 https://kurdistanmedia.com/

💬PDKI_Media
September 8, 2026 80