زمانی کێلی گۆڕ و پرسەنامەکان؛ پارێزەری کێیەتیی نەتەوەیی!
زمان ئاوێنەی ڕەسەنایەتی و هەبوونی نەتەوەیە. پاراستنی زمانی دایک لە هەموو کایەکانی ژیاندا ئەرکێکی نیشتمانییە، بەڵام ئێستا دیاردەی نووسینی کێلی گۆڕەکان و ڕاگەیەنراوەکانی کۆچی دواییی خەڵک بە زمانی عەرەبی یان فارسی لە ناوچە کوردییەکاندا پەرەی سەندووە. گەڕانەوە بۆ زمانی کوردی لەم بوارەدا بەهۆی ئەم خاڵانەوە پێویستییەکی زۆر گرنگە:
ئەرشیڤی مێژوویی: گۆڕستانەکان مۆزەخانەی کراوەی کێیەتیی خاکن؛ نووسین بە زمانی بێگانە مێژووی ناوچەکە دەشێوێنێت.
دەوڵەمەندیی زمان: زمانی کوردی خاوەنی کۆگایەکی دەوڵەمەند لە شیعر و پەخشانی زۆر قووڵ بۆ دەربڕینی خەم و کۆست و پەژارەیە.
ڕێزگرتن لە کۆچکردوو: شایستەترین ڕێز ئەوەیە مرۆڤی کورد لە کۆتا مەنزڵیشیدا بە زمانی دایکی خۆی یادی بکرێتەوە.
ڕاگەیەنراوەکانی مردن (پرسەنامە): ئاگاداریی کۆچی دوایی، کارتی پرسە و پۆستەکانی ماتەمین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبێت بە کوردییەکی ڕەوان و فەرمی بنووسرێن نەک بە تێکەڵکردنی وشەی عەرەبی و فارسی!
گرنگیی ڕاستنووسین: پێویستە چ دەقی سەر کێلەکان و چ نووسینی ناو ڕاگەیەنراوەکانی کۆچی دواییی ئازیزانمان، بە ڕێنووسی ستانداردی کوردی و بێهەڵە بنووسرێن، چونکە نیشانەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگەیە.
ڕەتکردنەوەی هەژموونی فەرهەنگی: ئایینی ئیسلام هیچ ناچارییەکی بۆ بەکارهێنانی زمانی دیکە لە شیننامە و پرسەنامەکاندا دانەناوە.
کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەم نامۆیییە فەرهەنگییە بهێنرێت. با کێلی گۆڕ و ڕاگەیەنراوی کۆچی دوایینی ئازیزانمان بکەینە ناسنامە و کێیەتیی کوردیبوونیان، تاکوو ماتەمین و گۆڕستانەکانیشمان شایەتی لەسەر ڕەسەنایەتیی نەتەوەی کورد بدەن.
@kurdistaniyekan
