دوای یەکەم ئۆپەراسیۆنی تورکیا، لە کانوونی دووەمی 2018 دووەم ئۆپەراسیۆنی دەستپێکرد لەژێر ناوی چڵە زەیتون، لەم کاتەدا هەسەدە ڕەقەی رزگار کردبوو و لە عێراقیش داعش لاواز بووبوو، بەهەمان شێوە ئەم ئۆپراسیۆنەش بە گڵۆپی سەوزی تڕەمپ و ئەمریکا بوو و لە کۆتایدا عەفرین لەلایەن تورکیا کۆنترۆڵ کرا، کورد دووبارە پشتی بەخۆی بەست و بەرگری کرد دوای چەندین شەهید، بەڵام مافی مرۆڤەکەی رۆژئاوا چاویان داخست و نەهاتنە دەنگ و چونکە وەک پێشتر وتم مافی مرۆڤ لەسەر زەوی درۆی رۆژئاواییەکانە و بوونی نیە تەنها بەرژەوەندی بوونی هەیە، دواتر تورکیا بەمە نەوەستا لە تشرینی یەکەمی 2019، لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی، سەرێ کانی و گرێ سپی کۆنترۆڵ کرد، دووبارە بە گڵۆپی سەوزی تڕەمپ و ئەمریکا، کورد دوای چەندین مانگ بەرگری بووەوە قوربانی بەرژەوەندی ئەمریکا و تورکیا، ئەمە سێ جار کە ئەمریکا پشتی لە کورد کرد و تەنها وەک داشی دامە سەیری دەکرد بۆ بەکارهێنانی دژی حکومەتی سوریا و داعش.
دوای زیاتر لە 13 ساڵ لە شەڕی ناوخۆ، لە 2024 حکومەتی بەشار ئەسەد ڕووخا، بەرنامە و خواستنی وڵاتانی رۆژئاوا و تورکیا و ئیسرائیل و سعودییە و قەتەر،..... لە سوریا سەرکەوت، بە سەرۆکایەتی کۆنە تیرۆرستێک و بریکاری دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا (محمد جۆلانی) سوریای نوێ دروستکرا، ئەم سوریایە هیچ بەرژەوەندییەکی ئەمریکای لەگەڵ هەسەدە نەهێشتەوە، وڵاتانی عەرەبی بە ملیاران دۆلار وەبەرهێنانیان لە سوریا کردووە و بەردەوامن، بازاڕی سوریا بە ڕووی تورکیا و وڵاتانی عەرەبی کرایەوە، کۆمپانیا جیهانییەکان دووبارە گەڕانەوە، ئەمریکا لەرێگەی حکومەتی سوریاوە مافی دەرهێنانی نەوتی لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان وەرگرت، جۆلانی بووە جێبەجێکاری خواستی ئیسرائیل و دەیان شتی تر کە باسکردنی کۆتا نایەت، ئێستا هاوکێشەکە چی لێهات؟ وڵاتان سەدان بەرژەوەندییان لەگەڵ سوریا نوێکە هەیە، ئەی لە بەرامبەردا چی بەرژەوەندییەکیان لەگەڵ هەسەدە هەبوو؟ هیچ حکومەتێک مابوو لە سوریا دژی بەرژەوەندی ئەوان بێت و هەسەدە دژی بەکاربێنن؟ نەخێر، هیچ رێکخراوێکی تیرۆرستی مابوو هەسەدە دژی بەکاربێنن؟ نەخێر، ئەی مانەوەی هەسەدە دژی کێ بوو؟ دژی بەرژەوەندی هەموو وڵاتان، دژی تورکیا وەک مەترسیەک بۆ سنورەکانی، دژی وڵاتانی تر بوو چونکە دەبووە هۆی ئاڵۆزی و دروسبوونی بەربەست لەبەردەم پرۆژە ئابوری و هێڵە غاز و نەوتەکانیان، واتە لە زمانی ئەوانەوە دژ بوو.
کورد سێ جار بەرگری کرد و تا دوا فیشەک شەڕی کرد، جگە لەو شەڕانەی لەم دواییە لەگەڵ جۆلانی کردی، بەڵام کام وڵات هاتە دەنگ لەسەری؟ کام وڵات ئەمانەی وەک تاوانێکی گەورە ناساند؟ دیموکراسیەکەی رۆژئاوا لەکوێ بوو کە ئێستا دەڵێن ئەبوایە هەسەدە بەرگری بکرادیە و شەرەفی ژن و مناڵی کوردی بخساتەیەتە مەترسییەوە و دواتر وڵاتان ئەهاتنە دەنگ، هەموو کورد جینۆساید بکرایە یەک وڵات نەدەهاتە دەنگ بۆ ئەوەی دان بە مافی هەرێم بوون و خۆبەرێوبەری بنێت، چونکە هیچیان بەرژەوەندییان لەگەڵ کورد و هەسەدە نەما، لە جیاتی مەزڵوم عەبدی سمکۆی شکاک بوایە هەمان چارەنوسی دەبوو، هەسەدە هێزێکی نافەرمی بوو و دوای ئەوەی وڵاتان لەرێگەی ئەم هێزە ئامانجیان پێکا هەڵیانوەشاندەوە، وەک میلیشیا هەژمار دەکرا، رۆژهەڵاتی ناوەراستی نوێش جێگەی میلیشای تێدا نابێتەوە، هەموو کاتێکیش ئەمریکا جەنەراڵێکی هەڵبژاردووە بەسەر سیاسەتمەدارێکدا چونکە ئەتوانێ جڵەوی بکات و بەکاری بهێنێت، لەمیسر سیسی هێنایە سەر دەسەڵات کە جەنەراڵی سوپا بوو، لە سوریا جۆلانی هێنایە سەر دەسەڵات کە کەسێکی سەربازییە، لە مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیان نموونەی وا هەیە، بۆیە ئەمە هەموو کورتەی بابەتەکەیە، کورد وەک داشی دامە بەکارهێنرا و بەرژەوەندییان لەگەڵ نەما، ئەگەر 1 ساڵ بەرگری بکردایە هیچ وڵاتێک نەدەهاتە دەنگ، بەڵکو بگرە دژی بەرژەوەندی ئەوانیش دەبوو وای بکردایە، هەموو ئەوانەی ئێستا ڕەخنەدەگرن، هیچ چارەسەرێکیان پێ نییە تەنها دەڵێن کورد نەدەبوو بەمانە ڕازی بێت.
لەکۆتایدا ئەمریکا لە ڕوخاندنی رژێمەکان سەرکەوتووە بەڵام لە ئیدارەدانیان بەردەوام شکستی هێناوە، لە سوریاش هەمان شت دووبارە دەبێتەوە و شکست دەهێنێت لە پاراستنی یەکپارچەی سوریا، چونکە دوو هاوپەیمانی بەهێزی خۆی کە تورکیا و ئیسرائیلن بەرژەوەندییان دژی یەکە لە سوریا، کۆتایی سوریا دابەشبوونە و داخستنی دەمی ئەوانەیە کە ئێستا بەربوونەتە گیانی کوردانی رۆژئاوا.
7
4
2
1September 6, 2026 194