هیوا مەگری🌻🌹🕊 هیوا مەگری، هەنسکی نیوەشەو بەس هەڵدە، بەس بگری! لە چاوی بێقەرارم بۆچی دەرمانی وەنەوز ئەبڕی؟ کوڕی خۆم! کۆرپەڵەم! میوانی دنیای تازەخوڵقاوم! ئەدا گریەت بە زەربەی چز، لە ڕۆحی پڕگلاراوم! چیە ئەم گریەبێغایە، کڕووزەی نیوەشەوخورپێن؟ چیە ئەم قەترەوردانەی لە چاوت بێمەئال ئەڕژێن؟ لەگەڵ ئەو خونچەساوایەی لەسەر خەڵفی بەهار ئەڕوێ چیە فەرقت؟ لە بەر چی ئەو هەتاکوو سیس ئەبێ ئەنوێ؟ وەکوو ئەو بەرخەبچکۆلەی کە هەر ئێستا لە دایکبوو لە بەر چی نەشئەیی یاری هەڵتناداتە سەرپاشوو؟ ئەڵێی ئەو زەڕنەقووتەی پەپکەمارە فەرشی هێلانەی چئێشێکە کوڕم، بۆ چی لەسەر ئەم هەڵکڕووزانەی؟ چیە توخوا؟ چسیڕێکە وەها مەحکوومی گریانی؟ کە تو هێشتا لە خەم ناگەی، لە مەعنای گریە نازانی! ئەگەر وەک باوکەحەسرەتدیدەکەت زەهرت بچێژایە زەمان گەردی ئەمەلتی گشت بە دەمباوە بپێژایە لە ناو کڵپە و بڵێسەی نائومێدی و حەسرەتایە یەکسەر بسووتایە، بەهاری عومری جوانیت: هەم گوڵ و هەم بەر! بەڵێ، ڕۆڵەم، ئەگەر وەک من کەمێک بەدبەختی ئیدراکیش لە تۆیشی ڕەشبکردایە، نەوەک شەو، ڕۆژی ڕووناکیش حەقت بوو عەرش بلەرزێنی بە ناڵەی ڕۆحی پڕئێشت لە ئەستێرەی سەما بپژێنی فرمێسکی دڵی ڕێشت! حەقت بوو ئەمهەمووگریانی نامەفهووم و بێمەعنا زمانی بەست و تەقریری شکاتتبێ لە دەست دنیا! حەقت بوو بێوچان بگری بەسەر تاوانی باوکیمدا بەحر پڕکەی لە تف، بیدەی بە ناوچاوانی باوکیمدا! بەڵام، ڕۆڵەم! کە تۆ ئێستا لە فەجری زیندەگانیتای، لە بەردەرگای تەلیسمی بەختی مەجهوول و نیهانیتای بە چی مەعلووم بە شوێنی هی مندا ئەڕژێ چەمی عومرت؟ سەراسەر پێکەنین و خوڕەمی نابێ خەمی عومرت؟ بەڵێ، بەرخم! ئەگەرچی هەر وەکوو یەک ژینی گشتلایە لە بەینی بێشکە و قەبردا، بڕینی عەینی ڕێگایە! هەموو هەر قافڵەی بێئیختیاری سەرزەمینێکین هەموو دێین و دەڕۆین، تاکوو ئەگەین، یەعنی ئیتر ئەمرین وەلێ کۆچی ژیان کۆچێکی پڕسیحر و پڕئەفسوونە: لە یەک سەرچاوە دوو قەترە: یەکێ لێڵە، یەکێ ڕوونە! هەیە وەک من بە سەردڕکدا ئەنێ هەنگاوی ئاوارە هەیە وایش کە فەرشی ژێریپێی، ئاوریشمی گوڵزارە! ئەوەندەی ڕۆحی مەئیوسومەلوول تاریکئەکا دنیا ئەوەندەش نوور لە ڕۆحی شادەوە ئەڕژێ بە سەرسەریا! کوڕم! هەروەک لە ئوعجوبەی ژیاندا بەختی بەد ئەگری شتێکیش بەختیاری ، پێکەنین گرتوویە چواردەوری! بە خۆڕایی مەترسە، خەم مەخۆ، مەگری لە ئێستاوە! بە چی مەعلووم کە چی لەو تەختی ناوچاوانە نووسراوە؟ #مامۆستاگۆران.
5