لەوانەیە هیچ کەسێک نەزانێت چەندە سەختە بە هێواشی مرۆڤ بۆخۆی لە ناو خۆیدا ماندوو بێت. نە بە هۆی ڕۆژگار ، نە بە هۆی کۆڵانەکان ، نە بە هۆی ئەو هەموو شتانەی کە لە دەرەوە ڕوو دەدەن ؛ بەڵکوو بە هۆی ئەو کەسانەی کە وا دەزانی شوێنی ئارامی تۆن ، بەڵام دواتر هەر ئەوان دەبنە هۆی ئەوەی پرسیار لە خۆت بکەی : «من چی بووم لای ئەوان؟!» زۆر دڵتەنگم... دڵتەنگییەکە تەنیا ئەوە نییە کە لە کەسێک دوور بی ، هەندێک جار مرۆڤ لە ناو خەڵکدا زۆر هەست بە تەنیایی دەکا. لەگەڵیان پێدەکەنێ ، قسە دەکا ، وەڵامیان دەداتەوە ؛ بەڵام لە ناو خۆیدا پرسیارێک هەیە کە هیچ کات بێدەنگ نابێ : «بۆ چی من هەمیشە ئەوەندە خۆم دەخەمە ناو دڵی ئەوان ، بەڵام ئەوان بە ئاسانی دڵم دەشکێنن؟!» زۆر دڵتەنگم لە ڕەفتارەکان... لەو وشانەی بە ئاسایی دەیڵێن بەڵام لە دڵی کەسێکدا بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێنن. لەو ساردییەی کە بە ناوی ناڕەحەتی دەیپۆشن. لەوەی کە هەندیک جار وا دەکەن مرۆڤ گومان لە خۆی بکات ، نە لە ڕەفتاری ئەوان. من زۆرم لە خۆم پرسیار کردووە: «مەگە من چیم؟!» «مەگە من چی بووم؟!» «بۆ چی ....» «بۆ چی ....» هەزاران پرسیاری بێ وەڵام. لە نێوان هەموو ئەو پرسیارانە دا، شتێک زۆر بە ڕوونی فێر بووم : هەندێک جار مرۆڤ خۆی لە دەست نادا ؛ بەڵکوو مرۆڤەکان وای لێ دەکەن بۆ ماوەیەک خۆی لەبیر بکات. من داوای زۆرم نەکردووە ؛ تەنیا دەمویست هەست بکەم منیش گرنگم. دەمویست کاتێک دڵم تەنگە ، کەسێک بپرسێت : «چی بووە؟!» دەمویست لە پشت پێکەنینەکانم ، کەسێک ئەو ماندوو بوونە ببینێت کە نیشانم نەداوە. بەڵام شایەد من زۆر چاوەڕوانی لە کەسانێک دەکەم کە توانای ئەوەیان نییە وەکوو خۆم بن بۆ خۆم... و ئەوە لە هەموو شتێک زیاتر دڵم دەشکێنێت ، چوونکە من تەنیا دڵم نەشکاوە ؛ من ماندووم لەوەی هەمیشە خۆم کۆ بکەمەوە. لەوەی هەر جارێک شتێک دڵم دەشکێنێت بڵێم : «هیچ نییە...» لەوەی هەر جارێک لە ناو خۆمدا دەگریم لە دەرەوە بڵێم : «باشم...» نا هەندێک جار باش نیم. هەندێک جار تەنیا مرۆڤێکم کە پێویستی بەوەیە کەسێک هەستی پێ بکات. کەسێک بزانێت پشت ئەو هەموو بێدەنگییە ،دڵێک هەیە کە زۆر قسەی هەیە. لەوانەیە ئەوشۆ تەنیا دڵتەنگ بم ، لەوانەیە سبەینێ هێواشتر بم ،لەوانەیە بە تێپەڕبوونی کات شتەکان لەبیر بکەم... بەڵام ئەوشۆ ؛ تەنیا ئەوشۆ ڕێگام پێ بدەن کە ماندوو بم ، زۆر ماندوو. #نازی
13