زۆرێک لە ئێمەی مرۆڤ لەخۆمان ڕازین و متمانەمان بە هەوڵ و کاری خەڵکی نییە، تەنانەت متمانەمان بە خوداش نییە، کاتێک کە دوعا دەکەین، لەپاڵ دوعاکە گومانێکمان بۆ دروست دەبێت و خۆشمان دەستێک وەردەدەینە دوعاکەوە.
کاتێک زیکرەکان دەخوێنین، لەپاش زیکرەکان کە مەترسییەک دروست دەبێت، ترسێک داماندەگرێت و گومان دەکەین کە خودا نەمان پارێزێت و خۆشمان بەرگریەک دەکەین.
واتا توانا بێهێز و لاوازەکەی خۆمان، دەخەینە پاڵ توانا و هێزە نەبڕاوە و گەورەکەی خوداوە! وەک ئەوەی نەمانبیستبێت کە یەکێک لە ناوەکانی خودا "القهار"ە. نەمانبیستبێت کە ئەو "اکبر"ە و گەورەی بەناوگەورەکراوانە، گەورەترە لە هەموو ئەو مەترسیانەی ڕوومان تێدەکەن، بەهێزترە لە هەموو ئەو هێزانەی پشتیان پێ دەبەستین و لەوانەشی لێیان دەترسین.
بۆیە دەبیستین کاتێک بەندەیەک دەڵێت "دوعام کرد، بەڵام نەهاتەدی" ، "زیکرم خوێند، بەڵام خودا نەیپاراستم"، "روقیەم خوێند، بەڵام هەر دووچاری گرفت بووم"... نا،. نەتخوێندووە، چونکە متمانەت بە خودا نەبووە و تەوەکولت نەبووە پێی.
ئەزیزم، کاتێک کارەکانت بە خودا دەسپێریت و خودا کارەکانت جێبەجێ دەکات، ئیتر عەیبە تەداخول بکەیت!
"زەکەریا ژاکاو"
