ڕۆح: post #695 — TG.ME

مۆدێلی ژیانم وای لێهاتووە، هەر کاتێک لە سووچی ئەم ماڵە سارد و بێدەنگەدا دادەنیشم و دەبینم دایکم دەستە ماندوو و پیرۆزەکانی بەرەو ئاسمان بەرز دەکاتەوە، بەو دەنگە کز و پڕ لە میهرەبانییەی خۆی کە هەمیشە بۆنی دڵنیایی و بەهەشتم لێ دێت دەڵێت: "خوایە ئیمانمان پێ ببەخشیت"، من لە ناخەوە دەلەرزێم، ڕۆحم بریندار دەبێت و تەواوی یادگارییە خنکاوەکانی تۆ دێنەوە پێش چاوم. لەو چرکەساتەدا، کاتێک سەیری سیمای ماندووی دایکم دەکەم، لە قووڵایی ناخما هەموو برینە کۆنەکانم دەکولێنەوە، چاوەکانم پڕ دەبن لە فرمێسک و لە دڵی خۆمدا هاوار دەکەم و دەڵێم: خۆزگە ناوت هەر ئیمان دەبوو... بە خودا خۆزگە ناوت ئیمان دەبوو، بۆ ئەوەی کاتێک دایکم نزا دەکات و بە دڵێکی شکاوەوە داوای ئیمان لە خودا دەکات، خودا کتوپڕ تۆم پێ ببەخشێتەوە و بۆ هەمیشە بتکاتەوە بە بەشی من و بتگەڕێنێتەوە بۆ ناو ئەم ژیانە چۆڵەم. تۆ خۆت گەورەترین ئیمان، گەورەترین مانا و جوانترین بەختی من بوویت لەم دنیایەدا، بەڵام ڕۆشتیت و منت لەو سێبەر و حزوورە هێمنکەرەوەیە بۆ هەمیشە بێبەش کرد. ئێستا ئەم ژیانە غەدارە لە دوای تۆ تەنها تاریكی، غەریبی، تەهایی و ڕێگایەکی ونبووە کە چاوەڕوانی هیچ ڕووناکییەکی لێ ناکرێت. ئەگەر دوعاکانی دایکم بۆ گەیشتن بە تۆ نەبن، کێ لە جێگای ئەم هەموو دڵەڕاوکێ و ڕوخانە ناوخۆییەمدا دوعای خێرم بۆ بکات؟ کێ هەبێت لە کاتی تەنگانە و بێتاقەتیدا بە نیگایەکی سۆزدار، هەموو خەمەکانی دنیا لەسەر شانم لادات و دڵم ئارام بکاتەوە؟ تۆ مانای مانەوە و هێزی من بوویت، ئێستاش لە دوای چوونەت، دنیا لە پێش چاوم وێرانەیە و هیچ شتێک لەم گەردوونەدا تامی نەماوە. هەمیشە لە خودا دەپارێمەوە، ئەگەر لە دەستم چوویت و ئێستا لە من دووریت، لانی کەم لە خەیاڵ و ناو ڕۆحمدا نەچیتە دەرەوە، چونکە من بەبێ یادگارییەکانی تۆ تەنها جەستەیەکی بێ ڕۆحم. ئەم دنیایە بەبێ بوونی تۆ، هیچ مانا و ڕووناکییەکی تێدا نییە. دڵم لای تۆ جێماوە و لە هەر کوێیەک بیت، تەنها بزانە کە متمانەم بە هیچ شتێکی تر نەماوە و هێشتاش بە دیار دوعاکانی دایکمەوە، چاوەڕێی موعجیزەیەکم کە تۆم پێ ببەخشێتەوە. نزا دەکەم ڕۆژێک بێت تەواوی ئەم دووری و ئازارە کۆتایی بێت، چونکە بێ تۆ مانەوە تەنها مردنێکی هێواشە کە کەس هەستی پێ ناکات، من لێرە بە دیار دوعایەکەوە دەسوتێم کە ناوی تۆی تێدایە و کەس ناوزەدی ناکات، تەنها تەمەنا دەکەم خودا لەو ئیمانەی بە دایکمی دەبەخشێت، بەشێکی گەڕانەوەی تۆ بێت بۆ من، چونکە من بێ تۆ ونبووم و هیچ ڕێگەیەک نایەتەوە سەر سەرەتای خۆشییەکانم. شەوانە کاتێک تەنیایی باڵ بەسەر کۆڵان و شەقامەکاندا دەکێشێت، کاتێک تەواوی شار دەخەوێت و تەنها من و خەمەکانت بەخەبەر دەمێنینەوە، زیاتر لە هەمیشە هەست بەو بۆشاییە گەورەیە دەکەم کە لە دوای خۆت لە ناخما جێتهێشتووە. چەندە سەختە مرۆڤ لە ناو دڵسۆزترین دوعای ژیانیدا، دوای مەحاڵترین ئاواتی خۆی بگەڕێت و نەگات. من هەموو ڕۆژێک لەگەڵ هەڵاتنی خۆردا خەمەکانم نوێ دەکەمەوە و لەگەڵ ئاوابوونیدا حەسارەتەکانم دەژمێرم. تۆ ڕۆشتیت و نەتبینی چۆن لە دوای تۆ تەواوی عەشق و باوەڕم بە بەختەوەری بوو بە خۆڵەمێش. ئێستاش تەنها هیوام ئەوەیە کە دەنگی پاکی دایکم بگاتە جێگەیەک، کە تێیدا خودا سەیری دڵە شکاوەکەی من بکات و بزانێت تاکە ئیمانێک کە ڕۆحی منی پێوە بەندە، گەڕانەوەی تۆیە بۆ ناو ژیانم، بۆیە هەمیشە کاتێک دایکم دەڵێت "ئیمانمان پێ بدە"، منیش لە قووڵایی دڵمەوە دەڵێم ئامین، بەڵکو خودا بەو دوعایە تۆم پێ ببەخشێتەوە... 💔
❤1
July 14, 2026 113 1