هەموو ڕۆژێک ئیعجازێک (٢)
نهێنی ئاوی ژێر زەوی؛ لە نێوان فەیلەسوفەکان و قورئانی پیرۆزدا
ئایا هەرگیز بیرت کردووەتەوە کانی و بیرەکان لەکوێوە دێن؟ بۆ هەزاران ساڵ، ئەمە گەورەترین مەتەڵی لای مرۆڤ بوو. فەیلەسوفە گەورەکانی وەک ئەفلاتوون و ئەناکساگۆرس پێیان وابوو ئەشکەوتێکی زەبەلاحی پڕ لە ئاو لە ناو جەرگەی زەویدا هەیە کە سەرچاوەی هەموو ڕووبارەکانە.
ئەرستۆ ئەمەی ڕەتکردەوە، بەڵام ئەویش کەوتە هەڵەیەکی ترەوە! دەیگوت ئاو لە ئەشکەوتە ساردەکاندا لە ئەنجامی چڕبوونەوەی هەڵم دروست دەبێت. تەنانەت ڕێنیە دیکارت لە سەدەی ١٧دا پێی وابوو زەوی چینێکی تەواو ئاوی تێدایە کە بە جۆگەی نهێنی بەستراوەتەوە بە ژێر چیاکانەوە.
ئەم تێنەگەیشتنە بەردەوام بوو تا ساڵی ١٥٨٠، کاتێک (بێرنارد پالیسی) هات و بۆ یەکەمجار بیردۆزی "سووڕی ئاو"ی بە زانستی ڕوون کردەوە. ئەو سەلماندی کە تەنها باران و بەفرن دەچنە ناو درزەکانی زەوی و دەبنە سەرچاوەی ئاوی ژێر زەوی.
بەڵام وەرە بزانە قورئانی پیرۆز هەزار ساڵ پێش "پالیسی" چی فەرمووە!
لە سووڕەتی (المؤمنون) ئایەتی ١٨دا دەفەرموێت: (وَأَنْزَلْنَا مِنَ السَّمَاءِ مَاءً بِقَدَرٍ فَأَسْكَنَّاهُ فِي الْأَرْضِ).
واتە: بارانمان لە ئاسمانەوە بە ئەندازە باراند و پاشان لە ناخی زەویدا جێگیرمان کرد. وشەی "أسكناه" لوتکەی وردکارییە بۆ پرۆسەی کۆگاکردنی ئاو لە نێوان چینە بەردەکاندا.
بەڵام گەورەترین ئیعجاز لەم ئایەتەدایە کە خوای گەورە لە سووڕەتی (الزمر) ئایەتی ٢١دا دەفەرموێت:
(أَلَمْ تَرَ أَنَّ اللَّهَ أَنْزَلَ مِنَ السَّمَاءِ مَاءً فَسَلَكَهُ يَنَابِيعَ فِي الْأَرْضِ..)
واتە: ئایا نەتدیوە کە بێگومان خودا لە ئاسمانەوە ئاوی بارانی باراندووە، پاشان بردوویەتییە ناو ناخی زەوی و بە شێوەی کانی و سەرچاوە ڕێڕەوی بۆ دروست کردووە.
وشەی (سَلَكَ) ئاماژەیە بۆ ئەو تۆڕە ئاڵۆز و ڕێڕەوە وردانەی ئاو لە ناو خاکدا دەیبڕێت تا دەگاتە کانییەکان.
چۆن دەبێت کتێبێک ١٤ سەدە پێش ئێستا، ڕاستییەک باس بکات کە زانست تەنها ٣٠٠ ساڵە پێی گەیشتووە؟ ئەمە تەنها یەک مانای هەیە؛ قورئان کەلامی ئەو خودایەیە کە دروستکەری زەوی و ئاسمانەکانە.
2
2
1
1January 27, 2026 134 1