نییە باکم ئەگەر زاڵم شکاندوویەتی باڵی من
ئەوە سەختە کە وا ناگاتە گوێی کەس ناڵەناڵی من
بەهار هات و تەبیعەت حوکمی ئازادیی مەلانی دا
لە نێو کونجی قەفەزدا دیارە چۆنە ئێستە حاڵی من
لە گوڵزارێ ورینگەی بلبلی سەرمەست و شەیدا دێ
بەڵام نایە جریوێکیش لە هێلانەی بەتاڵی من
لە سەر ناچێتە دەر ساتێ خەیاڵی بسکی خاوی تۆ
ئەگەرچی تێگەیشتم چاوەکەم خاوە خەیاڵی من
ئەرێ ئەی ئاسکی ناسک هەتا کەی دەستەمۆ نابی؟
ئەرێ پیرۆزەکەی خۆشفەڕ هەتا کەی نایە ماڵی من؟
گوتت بۆت دێمە جێژوانێ، هەزار سوێندت بە شاڵم خوارد
لە ئاهی ئاشقانەی من بترسە، نەک لە شاڵی من
کە ماڵت بێ، کەماڵت بۆ چییە لەم شارە وێرانە
کە ماڵی دەوڵەمەندی دی، گوڵم نەیویست کەماڵی من
ئەگەر دەیزانی مانای خۆشەویستی ئەم کچە کوردە
بە سەد یاقووت و گەوهەر نەیدەدا فرمێسکی ئاڵی من
ڕەش و تار و درێژ و پڕ لە ئازار و خەم و دەردە
بەڵێ شەوگاری دووری بوو سەراسەر ژینی تاڵی من
➿ @Kurdinus
«هێمن»

63
7
2
2
1August 31, 2026 1.2K 36