نوسینگە و سەنتەرەکانی خزمەتگوزاریی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیكۆم لە پارێزگاکانی نەجەف و دیوانییەو بابل داخران"
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان دەڵێت، ژمارەیەک لە نوسینگە و سەنتەرەکانی خزمەتگوزاریی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیكۆمی لە پارێزگاکانی نەجەف و دیوانییە و بابلی داخستووە، لە نێویاندا سەنتەری کۆمپانیاکە لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف، وەک بەشێک لە رێکارەكان لە دژی کۆمپانیاکە.
دەستەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، نوسینگەکانیان لە ناوچەی فوراتی ناوەڕاست بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە میانی سەردانە مەیدانییەكانیان چەندین نوسینگە و سەنتەری خزمەتگوزاریی کۆمپانیاکەیان لەو سێ پارێزگایە داخستووە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، رێکارەکان داخستنی سەنتەری کۆڕەک تیلیكۆمیشی لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف گرتووەتەوە.
دەستەکە جەختیشی کردەوە، نوسینگەکانی لە پارێزگاکان بەردەوامن لە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی رێکارە دیاریکراوەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دەستەبەرکردنی پابەندبوون بە ڕێکارە یاسایی و رێکخستنە پەسەندکراوەکان.

1