جوانی کتێب لەوەدایە هەمیشە ئامادەیە یەکێک بیخوێنێتەوە، بە پێچەوانەی ئێمەی مرۆڤەوە کە ناهێڵین کەس بمانخوێنێتەوە. وەرە کوڕی خۆم، وەرە... بەشی هەرە زۆری ئەم کتێبانە هیچ کەس نەیخوێندونەتەوە، بەشی هەرە زۆری ئەم کتێبانە لێرە چاپکراون، هەندێکیشیان لە وڵاتانی دیکەوە، بە هۆی پەیوەندیم بە نوسەران و پرۆفیسۆرانەوە داوامکردون، هەندێکیان بە پۆست لە دوورەوە گەیشتوون، هەندێکیشیان بە قاچاغ. بەڵام هەر چۆنێک بێت گرنگ نییە، دواجار کەس نایانخوێنێتەوە، کتێبەکان چاوەڕێدەکەن و چاوەڕێدەکەن، بەڵام کەس دەست نابات بیانخوێنێتەوە. هەستدەکەم ناخۆشترین جۆری چاوەڕوانی، چاوەڕوانی گەنجێک نییە بۆ خۆشەویستەکەی، چاوەڕوانی دایکێک نییە بۆ گەڕانەوەی کوڕەکەی، بەڵکو چاوەڕوانی کتێبێکە بۆ خوێنەر. هەندێک لە کتێبەکانی من دەمێ ساڵە چاوەڕوانن. هەندێ جار خۆم کتێبێک یان دووان هەڵدەگرم و دەیانخەمە بندەستم و دەیانبەمەوە بۆ ماڵەوە، دەمەوێت کتێبەکان دونیا ببینن، بێنە دەرێ، بکرێنەوە و حەرفەکان هەتاو لێیان بدات. من وادەکەم، جار جار کتێبەکان دەبەمە دەرێ و دەیانکەمەوە تا خۆر لە لاپەڕەکانیان بدات، تا هەوا هەڵمژن، تا لەم کتێبخانەیەدا نەخنکێن. پرۆفیسۆر بەهنام 📚 #هەورەکانی_دانیال ✍🏻 #بەختیار_عەلی
جوانی کتێب لەوەدایە هەمیشە ئامادەیە یەکێک بیخوێنێتەوە، بە پێچەوانەی… — گوڵ🌷ۆڵان — TG.ME
August 17, 2026 39 1