امامناالشافعی: post #7230 — TG.ME

ڕاتبەی فەقێ

▪️ ڕاتبەی فەقێیان، ڕەحمەتی خواتان لێ بێت.
نانی فەقێیان ڕەحمەتی خواتان لێ بێت.
ئەوەی لەساڵانی ڕابردودا فەقێ یەتی کردبێت، ئەو حاڵ ووەزعەی ئەوکاتەی دێتەوە بیر.
ساڵی 1363 هەتاوی بو، بەرابەربەساڵی: 1984، ئەوساڵە مانگی ڕەمەزان لەکۆتایی بەهاردابو، سەرەتای فەقێیەتیم بو، لەگوندی #بەردەڕەش لەناوچەی #بانە، دەرسم دەخوێند، بڕیاردرا فەقێکان هەمویان تا 15 ڕەمەزان لەحوجرە بمێننەوە، کاروباری حوجرە بەشێوەی ئاسایی خۆی بەڕێوە دەچو.

▪️ ڕۆژێک لەوڕۆژانەی ڕەمەزان، چۆم بۆ پێخۆرونانی ئێوارە، ئەوڕۆژە ڕۆیشتم بۆ ئەوگەڕەکەی کەدەکەوێتە ڕێگای گوندی #سوتو، تەمەنم زۆر کەم بو، ڕۆژوی ڕەمەزان ووشکی کردبوم، هێزم تێدا نەمابو، نان وپێخۆرم بۆ بەربانگ کۆ کردەوە، ویستم بگەڕێمەوە بۆ حوجرە، لە ناکاو قاچم لە پلەبەردێک هەڵەنگوت وزۆر بەخراپی کەوتم، سینی بەلایەک دا ڕۆیشت، قاپ وقاچاغ ونان هەریەکەی بەلایەکی کەدا پڕژو بڵاو بون، لەگەڵ ئەوەش دا ئەژنوم بریندار بو، لەترسی موستەعیدەکان ئەگەر بە بێ نان وپێخۆر بچومایەوەبۆحوجرە، زۆر بەباشی دادکاریان دەکردم، لەو لاشەوە لەبەر ئێشی ئەژنوم و پێش بەربانگ بو، بەوڕۆژەدرێژانەی بەهار هێزم تێدا نەبو هەستمەوە، خۆ ئەگەر هەڵبستامایەوە هیچم بۆ کۆ نەدەبۆوە، بەو وەزعەشڕەوە لێم دا لەبانگی گریان، ئێستاش کەبیرم دەکەوێتەوە گریانم بۆ حاڵی خۆم دێت.
من واخەریکە گریانم، فرمێسک وەک بارانی بەهار بەچاوم دا دەهاتنە خوارێ، بێ خەبەر لەوەی ژنێک لە سەرەوە چاوی لێمە، بۆخاتری هەمو پیتەکانی قوڕئانی عەزیم، جێگای بەهەشتی بەرینی خوا بێت، وام لەبیرە لەسەر بانیژەی ماڵەکەیان بو، هاتە خوارێ، هەڵی هەستاندمەوە، ماچی کردم، گوتی: ئەوە بۆ دەگرێ بەقوربانت بم، ئێستا دایکی خۆت بۆت ڕێک وپێک دەکات، ئێتر ئەوەندەی دیکە دڵم بەخۆم سوتاو، ئەمجارەیان دەنگم لێهەڵێنا زۆر بەعەجایەبی دەگریام، ئەو ژنەخواناسە، دەستی گرتم، سینی یەکەی هەڵگرت، بردمی بۆ سەر بانیژەکەیان، ئاوی هێنا ودەمو چاوی بۆ شتم، هەرچی گیانێک خوا بەمنی دابو تەپ وتۆز بو، زۆر بەجوانی تەپ وتۆزەکەی لێتکاندم، ئامۆژگاری کردم وگوتی: کەچویتەوە بۆ حوجرە، مەڵێ کەوتوم، هەستا ڕۆیشت 2 دەستە نانی زۆر جوانی بۆ هێنام، هەر بەزویی قاپەکانی بۆ شتم، وا منیش هەر لەبەر خۆمەوە نوزەنوزی گریانم دەهات، پاشان خوای لێ ڕازی بێت یەک مەنجەڵی چێشت بۆ هێنام، کە چێشتێکی زۆر خۆش بو، گوتی: دەبڕۆ باوکەکەم، کە چاوم بەونان و پێخۆرو وەزعەکەوت، گریان بەری دام، تا نزیک حوجرە دەستی گرتم، کاتێک چومەوە بۆ حوجرە، فەقێ چێشتی وایان نەدی بو، دەیانگوت: واباشە فەقێ محەممەد بچێ بۆ ناون وپێخۆر کۆکردنەوە، بێخەبەر لەوەی کاکە فەقێ محەممەد چی بەسەر هاتووە.

▪️ زۆر جاران لەبەر سەختی ژیان ویستومە دەست لە مەلایەتی هەڵبگرم، هەموجارێک ئەو دیمەنە هاتۆتەوە بەرچاوم، کەژنێکی خواناس نان وپێخۆری پێداوم لەبەرخوا پێیداوم، بۆوەی خزمەتی خەڵکی خۆمی پێبکەم، ئەگەربیزانی بایە مەلایەتی ناکەم، گوێی نەدەدامێ.
ئەم کوردەواری یە پڕپڕە لەشێرەژن وکەڵە پیاو.

✍️ محمد أديبي
❤5👍1😢1
February 21, 2026 337 3