ترسیان لە داهاتووی ڕۆژئاوای کوردستانەوە قسە دەکەن کە جیێ ڕێزە، بەڵام هەندێکی تر بە شێوەیەکی زۆر توند و رادیکاڵ، عەبدی بە خیانەت و فرۆشتنی خاک و دەستکەوتەکانی کورد تۆمەتبار دەکەن بێ ئەوەی لە خۆیان بپرسن ئەڵتەرناتیڤی ئەم ڕێگایە چییە. مەجید ساڵح ئاماژە بەوە دەکات کە پێش هەموو شتێک دەبێت دان بە ڕاستییەکی مێژوویی بنێین کە هەسەدە و مەزڵوم عەبدی تا دوا نەفەس شەڕیان کرد، و ئەگەر بەرگری و خوێنی ئەوان و پشتیوانی خەڵکی کوردستان و هەڵوێستی هەندێ وڵاتی وەک فەرەنسا نەبوایە، ئەگەری ئەوە زۆر بوو کە کورد لە ڕۆژئاوا تووشی چارەنووسێکی زۆر خراپتر بوایەتەوە و لەبیرمان نەچێت کە جیهان لە بەرامبەر ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا چۆن بێدەنگ بوو. ئەمڕۆ کە باس لە دەستەبەرداربوون دەکرێت، نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت کە کورد لە ڕۆژئاوا لە سەد ساڵی ڕابردوودا لە ژێر سیاسەتی عەرەبکردن و سڕینەوەی ناسنامەی کوردیدا ژیاوە، بۆیە ئەوەی لە ساڵانی دوای شەڕی داعشدا لە ڕۆژئاوا دروست بوو، تەنها هێزی چەکدار نەبوو، بەڵکو بەشێک بوو لە پرۆسەیەکی درێژی دامەزراندنی بوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی کورد. لە ڕێککەوتنی ١٠ی ئاداری ٢٠٢٥ لەنێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی، بە ڕوونی هاتووە کە کۆمەڵگەی کوردی بە بەشێکی ڕەسەن لە دەوڵەتی سوریا ناسراوە و مافی هاوڵاتیبوون و مافە دەستوورییەکانی بۆ مسۆگەر کراوە، هەروەها مافی بەشداری لە پرۆسەی سیاسی و دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ هەموو پێکهاتەکان بەبێ جیاوازیی ئەتنیکی و ئایینی باس کراوە. بەڵام ئایا ئەمە بە ئەندازەی قوربانییەکانی کوردی ڕۆژئاوا دەگات؟ نەخێر، ئەمە دەسکەوتە بەڵام دەسکەوتێکی تەواو نییە، چونکە کورد دەیەوێت خۆی شار و ناوچەکانی خۆی بپارێزێت کە ئەمە دابین کراوە، زمان و کولتووری خۆی بپارێزێت و خوێندن و زانکۆ بە زمانی کوردی هەبێت، و لە پەرلەمان و دامەزراوەکانی دەوڵەت بەشدار بێت و مافی سیاسی و مەدەنییەکانی بە شێوەیەکی یاسایی و دەستووری پارێزراو بێت و ئەوانە مسۆگەر کراون. بەڵام حەقیقەت ئەوەیە ئەمانە لە ئاستی ئەو قوربانییە گەورانەی گەلەکەمان نین، و لە ساڵانی شەڕی داعشدا هەسەدە بووە هێزی سەرەکیی هاوبەشانی ڕۆژئاوا لە دژی داعش و ئەم ڕاستییەش نابێت بە ئاسانی لە مێژوو بسڕدرێتەوە. مەجید ساڵح جەخت لەوە دەکاتەوە کە بمانەوێ یان نا ئەمڕۆ دۆخەکە گۆڕاوە، و ئەحمەد شەرع کە پێشتر تیرۆریست بووە، ئەمڕۆ بە هۆی گۆڕانکارییە ژێئۆپۆلیتیکییەکانەوە هەنگاو بە هەنگاو لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ و تەنانەت لە ٢٠٢٥دا ئەمریکا هەنگاوەکانی بەرەو لابردنی ناوی ئەحمەد شەرع لە لیستی سزا و تیرۆری خۆی دەستپێکرد و لە ٢٠٢٦داش ناساندنی سوریا و هەیئەتی تحریری شام لە هەندێک لیستەکانی تیرۆر و سزا گۆڕانکاریی بەسەردا هات. ئەمە چیمان پێ دەڵێت؟ جیهان دۆستی کورد نییە و بۆ بەرژەوەندی خۆی کار دەکات کە ئەمە یاسای سیاسەتی نێودەوڵەتییە، بۆیە ئەگەر لە ڕابردوودا سیاسەتی یان سەرکەوتن یان مردن تاقی کراوەتەوە، دەبێت بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە بپرسین: ئایا هەمیشە مردن بە مانای سەرکەوتنە؟ کورد پێویستی بە سیاسەتێک هەیە کە بوونی کورد بپارێزێت، نەک تەنها کورد هەر قوربانی بێت. لەبەر ئەوە ناوبراو پشتگیری لە هەر ڕەخنەیەکی دڵسۆزانە لە مەزڵوم عەبدی و ڕێککەوتنەکەی دەکات، بەڵام دڵنیاشە کە ئەم بڕیارە نابێت بە چەکێک بۆ سڕینەوەی مافەکانی کورد بگۆڕدرێت، چونکە لە ڕاستیدا مەترسییەکە لە خودی تێکەڵبوون بە دەوڵەتدا نییە؛ مەترسییەکە ئەوەیە کە تێکەڵبوون ببێتە سڕینەوە. ئەگەر کورد لە ناو دەوڵەتی سوریا بتوانێت زمان، ناسنامە، خوێندن، بەشداریی سیاسی، ئاسایش و مافە دەستوورییەکانی خۆی بپارێزێت، ئەوا بەو مانایە دێت سیاسەتی پراگماتیزم دەکرێت ببێتە ڕێگایەک بۆ مانەوە، بەڵام ئەگەر ئەم مافانە لە کاغەزدا بمێننەوە و لە واقیعدا سڕینەوەی سیاسی و کولتووری دەست پێ بکات، ئەوا دەبێت ڕەخنە لە عەبدی و هەموو ئەو لایەنانە بکرێت کە ئەم ڕێککەوتنەیان واژۆ کردووە.
کەواتە پێویستە لە عەبدی بپرسین بۆ کوێ دەڕۆیت نەک بە خێرایی بڵێین تۆ خیانەتت کردووە، چونکە ئەوەی گرنگە ناوی هێزەکە نییە؛ ئەوەی گرنگە ئەوەیە کورد لە دوای هەسەدە چی دەباتەوە. ئەوانەی ئەمڕۆ توندترین ڕەخنە لە عەبدی دەگرن، مەجید ساڵح پرسیارێکی سادەیان لێ دەکات کە ئەڵتەرناتیڤەکەتان چییە؟ ئەگەر ئەڵتەرناتیڤەکە بەرگرییە، بڵێن چۆن، ئەگەر شەڕە بڵێن بە چ هێز و بە پشتیوانی کێ، ئەگەر سەربەخۆییە بڵێن لە ناو ئەم هاوکێشە ژێئۆپۆلیتیکییەدا چۆن، و ئەگەر هەموویان تەنها نەخێر بێت ئەوا ئەوە سیاسەت نییە بەڵکو تووڕەییە.
August 28, 2026 87 1