بۆ گەلی تێکۆشەر، ژنانی پێشەنگ و ئازادیخواز
▫️لە کاتێکدا نزیک دەبینەوە لە ساڵیادی شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» دا، سەرباری چەوسانەوە و هێرشە بەردەوامەکانی دەسەڵاتداران دژی کۆمەڵگە، بەرخۆدانی جەماوەری بە شێوازی جۆراوجۆر،، زیندوو و بەردەوامە. شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی بوو لە گۆڕانکاری گفتوگۆی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا؛ ڕاپەڕینێکی فرەڕەهەندی کە بە چاونەترسییەوە سنووری نایەکسانی ڕەگەزی، زۆرداری و چەوسانەوەی نیشان دا. ئەم بزوتنەوەیە توانی چەمکە بنەڕەتییەکانی ئازادی و ڕێزی مرۆڤایەتی لە ناوەڕاستی ژیانی ڕۆژانە و خەباتی ئازادی ژن دەربهێنێت و بیکاتە داواکارییەکی فرەنەتەوەیی و گشتگیر.
ئەو گۆڕانکارییە قووڵەی کە لە هۆشیاری کۆمەڵایەتیدا ڕوویدا، تابووەکانی ساڵانی زۆری تێکشکاند و نیشانی دا کە بەدیهێنانی هەر گۆڕانکارییەکی بەردەوام، دادپەروەرانە و دیموکراتیک، ناچار دەبێت لە ڕێگای بەرەسمی ناساندنی مافەکانی ژنان و ڕەتکردنەوەی تەواوی جیاکارییدا لە دژی چینە پەراوێزخراوەکان و ڕەگەزە چەوساوەکان تێبپەڕێت.
گەورەترین و بەردەوامترین دەستکەوتی ئەم شۆڕشە، پێکهاتنی هاوبەستنییەکی بێوێنە بوو لە نێوان ژنانی ناوچە و نەتەوە جیاجیاکاندا. ئەم بزوتنەوەیە بە بەیەکگەیاندنی داواکارییە جۆراوجۆرەکان، «فرەڕەهەندی»ی کردە سەرچاوەیەکی هێزی کۆمەڵایەتی. ئەمڕۆ، دوای چوار ساڵ، شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» وەک هێمایەک بۆ هاوبەستنی، چاونەترسی و هۆشیاری کۆمەڵایەتی، زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە ئێمەی بە یەکترەوە بەستووەتەوە.
لەبەر ئەمە، ئێمە کۆمەڵێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان و دامەزراوە مافی مرۆڤییەکان، لە بەردەوامیدا لەگەڵ ئەم شۆڕشەدا، هێمای تێکەڵکراوی «قژی کراوە و چنراو( کەزی) لەگەڵ گەڵا و دار بەڕوو» ڕادەگەیەنین وەک هێمای هاوبەشی ئەم قۆناغەی خەبات.
پێویستە باس بکرێت کە ئەم نیشانەیە، تەنها دیزاینێکی هونەری نییە، بەڵکو بەرگری، ناسنامە و خەباتی کۆمەڵایەتیمانە. تێکەڵبوونی قژی کراوە (هێمای ئازادی و چاونەترسی)، قژی چنراو (هێمای هاوبەستنی و ڕێکخراوبوون) و داری بەڕوو (هێمای خۆڕاگری و ڕەگ داکوتان لە خاکدا)، نیشان دەدات کە ئازادی ژن و خەباتی کۆمەڵایەتی، ڕەگی لە خاکی مێژوو و پەیوەندی ڕێکخراوبووی ئێمەدا هەیە؛ ڕەگێک کە لە بەرامبەر هەر ئاگر و چەوسانەوەیەکدا خۆڕاگر دەمێنێتەوە و دووبارە سەوز دەبێتەوە.
ژن، ژیان، ئازادی
کۆمەڵێک لە ڕێکخراوە و دامەزراوەکانی ژنان و مافی مرۆڤ:
ڕێکخراوی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان – کژار
پلاتفۆرمی دیموکراتیکی فرە نەتەوەیی ژنان
ڕێکخراوی شیوار – بەلووچستان
ئەکادیمیای ژینا
مەجلیسی ژنانی حیزبی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک
ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد – کۆمەڵە
فراکسیۆنی ژنانی کۆنگرەی ئازادی
ژنانی ئەنجومەنی ستراتیژی ناوخۆی وڵات
ئەنجومەنی شۆڕشی ژنان
تۆڕی ئازادی( ئازادی نێتۆرک)
دامەزراوەی ڕۆییش
کۆلێکتیڤی ژن ژیان ئازادی لە ئیتاڵیا
کۆمیتەی ژنانی حیزبی دیموکراتی مەسیحی ئێران
هاوکاری کۆلێکتیڤ – کۆلن، دژە کۆلۆنیالیزم – کوئیرفێمینیستی – چەپ
ڕێکخراوی نەخێر بۆ تابوو، نەخێر بۆ توندوتیژی دژی ژنان
کەمپینی نەخێر بۆ سێدارەدان، بەڵێ بۆ ژیانی ئازاد
کژار - کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان


