هۆشداریی مامۆستایانی زانکۆ لە ئێران؛ هەڕەشەی مانگرتن و بەشدارینەکردن… — ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات — TG.ME

🔹 هۆشداریی مامۆستایانی زانکۆ لە ئێران؛ هەڕەشەی مانگرتن و بەشدارینەکردن لە کلاسەکانی وانەوتنەوە

کانوونی پیشەیی مامۆستایانی زانکۆ لە ئێران هۆشداریی دا کە ئەگەر تا کۆتایی مانگی خەرمانان یاسای چاکسازیی مووچەی دەستەی زانستی بە تەواوەتی جێبەجێ نەکرێت، لە سەرەتای مانگی ڕەزبەرەوە تەواوی چالاکییە پەروەردەیی، توێژینەوەیی و ڕێنماییکارییەکان ڕادەگرن.

بەیاننامەی کانوونی پیشەیی مامۆستایانی زانکۆکانی ئێران ئاماژە بەوە دەکات کە دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ لە ڕێکارە یاساییەکان و تێپەڕبوونی شەش مانگ لە ساڵی نوێ، ڕێکخراوی بەرنامە و بودجە لە ڕێگەی ئاستەنگ دروستکردن ڕێگری لە جێبەجێکردنی تەواو و بێ‌مەرجی یاسای زیادکردنی مووچەی ئەندامانی دەستەی زانستی کردووە.

لەم چوارچێوەیەدا، کارن ئەبری‌نیا، بەرپرسی کانوونی پیشەیی مامۆستایان، ڕایگەیاندووە کە دانوستان و داواکارییە یاساییەکانیان بێ‌ئاکام بوون و جیاوازیی بەرچاو لە نێوان مووچەی پەسەندکراو و ئەو بڕەی دەگاتە دەستی مامۆستایان هەیە.

ئەم ناکۆکییانەی نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و ڕێکخراوی بەرنامە و بودجە، پرۆسەی پێدانی مووچەی مامۆستایانی تووشی دواکەوتن و ناڕوونی دارایی کردووە.

نوێنەرانی کانوونی پیشەیی هۆشدارییان داوە کە بەردەوامیی پشتگوێخستنی بژێویی مامۆستایان و جێبەجێنەکردنی بڕیاری زیاتربوونی ٧٥٪ی مووچەکان، دەبێتە هۆی داڕمانی توانای زانستی، چڕبوونەوەی دیاردەی کۆچکردنی بلیمەتەکان و پەککەوتنی سیستەمی خوێندنی باڵا لە وڵاتدا.



🔵ماڵپەڕی فەرمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران:

🌐 https://kurdistanmedia.com/

💬 PDKI_Media
September 8, 2026 108