باشه بە هۆی بێڕێزیی منداڵێکی نەفامی ساویلکەوە، کۆمەڵێک کەس و لاپەڕە و… — Kurdînûs — TG.ME

باشه بە هۆی بێڕێزیی منداڵێکی نەفامی ساویلکەوە، کۆمەڵێک کەس و لاپەڕە و پەیج و هەواڵنێر کە بە ساڵیش ناوی محەممەدی ماملێ ناهێنن، بۆ وەرگرتنی ڤیوو و لایک و بە تێگەیشتن لەوەی کۆمەڵێک کامێنتی جنێو و زمانشڕانە دەنووسرێ، وەبیریان هاتەوە کورد وەها بلیمەتێکیشی بووە.
ئەوانەی کاتی دی بێدەنگن و تا ئێستا یەکیان نەیوتووە ئەرێ بۆ لە شاری خۆی، شەقامێک، گۆڕەپانێک، شوێنێک بە ناو ئەو هونەرمەندە ناوازەیە نییە.
ئەوانەی کاتی دی بۆ بەرژوەندیی خۆیان هەر خێرا کامێنت دەبەستن، ئێستا بەئانقەست دەیکەنەوە هەتا هەرچی قسەی سووک و ناحەزە لە زاری هەندێ زمانشڕی دەم‌پیسەوە بێتە دەر کە لەجیات ڕەخنە و ڕێنوێنی، تاکە شتێکی دەیزانن جنێودانی جنسی بە خۆی و دایک و خوشک و کەس‌وکاری خەتاکارە.
خۆ هەموومان لە تەنیایی خۆماندا یا ڕەنگە لەکن چەند کەسی زۆر نزیک قسەی ناشیرینیش بکەین، بەڵام سەیرە چۆن پیاوێک بە بیست سی یا چل ساڵ تەمەنەوە، بەبێ هیچ عەیب و شوورەیی و شەرمێک لە پێش چاوی هەزاران کەس جنێوی جنسی دەدا!
محەممەدی ماملێ بە موزیک و بەرهەمەکانییەوە زیندوویە و نە بە ئاکاری گەمژانەی منداڵێکی نەفام ناوی دەزڕێ، نە پشتیوانی و لایەنگریی کۆمەڵێک زمان‌شڕ، جەماعەتێکی هەلخواز و بەرژوەندیپەرست و تینووی سەرنجی پێویستە. کەسێک کە لە شوێنێکی گشتی و لە بەر چاوی هەزاران کەس پەستترین و ناحەزترین وشەکان دەنووسێ، بۆ دەبێ خۆی لە منداڵێک پێ باشتر بێ کە خەتایەکی کردووە؟
ماملێ ماملێیە، ئەو گوڵەی مشهووری گشت عالەم بوو و یادی بەخێر
@Kurdinus
👏118❤33👌8❤‍🔥5
August 23, 2026 2.8K 12