دەڵێن (ئەوەی گالیسکە ڕادەکیشێت ، گۆرانی ناڵێت ، گۆرانی لەو کەسانەوە دێت کە لەسەر گالیسکەکە دانیشتوون) ئەوانەی ژیان ڕادەکێشن دەمیان وشکە ، دەستیان بریندارە ، سنگیان پڕە لە قرخەی ئازار ، ئەوانەی لەسەرووی ژیان دانیشتوون ، ئەوانن کە گۆرانی دەڵێن.ئێمە لە ڕێگەدا هیلاک بووین تا سەفەرەکە بۆ ئەوانی تر ئاسانتر بێت.
چل ساڵیمان لە بیست ساڵییەوە دەست پێکرد ، ئێمە گەورەنەبووین گەورەیان کردین ، ئێمە فێر بووین چۆن ئازار بشارینەوە، پێش ئەوەی فێر بین چۆن دڵخۆشی دەرببڕین
.....................
ویستمان ببین بە نووسەر ، نەک ئەو کەسەی بە ناچاری ڕۆڵی نووسەری دەبینێت
ویستمان ببین بە بارانی وەرزی مژدە و بەسەر خۆشەویستیدا ببارێین، وتیان نا تەنها ڕۆڵی عاشق بوون بۆ ئێوە بەسە،
ئێوە لە گڵمتکی ئاڵهەڵگەڕاوی سەر مەزار و ئارەقەی زەنگۆڵی لامل و زایەڵەی ڕێبەندان تێناگەن ... لالۆ
ویستمان ببین بە عاشق ، نەک ئەو کەسەی دەوری عاشقی دەبینێت نەیانهێشت،
دەلالۆ ... هەستەوە شەو درێژ بووە و ڕێگەکەش بۆ گەڕانەوەت (مەحوی) بڕانەوەی نییە، هەستەوە تا پێکەوە باری ئەم بێدەنگییە هەڵبگرین و لەبەر قاپی تەڵب ، گوێمان کەڕ کەین و زمانمان لاڵ.
...........................
لە کوردەواریدا خۆماندا ئەگەر کچێک شوو بکات و ژیانی خراپ بێت بە دەست ماڵ و مێردەوە دەڵێن (ژیانێکی هەیە سەگ نییەتی) ، ئەگەر پیاوێکیش خەرجی ماڵ و منداڵی دەرنەکات و دۆخ و گوزەرانێکی خراپی هەبێت دەڵێن (نانە سەگی دەژی)
بزانین چیرۆکی ئەم نانە سەگییە تا کوێ دەمانبات... لالۆ
ژیان لە چەند کوچەی ترەوە ڕاومان دەنێت و نانێکمان ناداتێ؟
ئەو پاروە نانە ساردەشی کە بە خوێنی ناخمان بەدەستمان هێنا، بە مۆڕەی نێوچاوان و بە منەتی کۆڵانە تاریکەکانەوە وەرمانگرت ، بزانین تا کوێی تر ڕاومان دەنێت لەم کۆڵانەوە بۆ ئەو کۆڵان، لەم تەپوتۆزەوە بۆ ئەو تەم،
بێ ئەوەی جارێک دەرفەتمان پێ بدات ژێر سەربانێک شک ببەین کە بارانی تێدا نەتکێتە سەر قورسکە و هاواری برینەکانمان،
ئاخر مرۆڤ کاتێک خەیاڵی لە تەمەنی خۆی گەورەتر دەبێت، دەبێتە سەگێکی نەفرەت لێکراو و لە هیچ شوێنێک جێی نابێتەوە.
................................
دەلالۆ... ئای لەم هەوارە چۆڵە دەلالۆ !
لە کوێوە بێدەنگییەکە بپچڕێنین تا جیهان تێبگات ئێمە سەربازانی بێنیشتمانێک بووین کە جەنگەکەمان دۆڕاند پێش ئەوەی چەک هەڵبگرین؟ دەلالۆ
کورد ئێژێت (عالەم بە جن پێدەکەنێت و جنیش بە ئاشەوان) ، نە ئاشەکە هی ئێمە بوو ، نە ئاردەکە ، جیهان ئێمەی هاڕی ، ئێستا ئێمە بەکێ و لەگەڵ کێ پێبکەنین .. لالۆ
دڵتەنگیی ئێمە چیتر بە فرمێسک ناکێشرێت، چونکە فرمێسکیش شەرم لە قوڵیی ئەم برین و بێدەنگیانە دەکات ، ئێمە هیلاکترین ڕێبواری کۆڵانە تاریکەکانی دونیان .. لالۆ ، دەلالۆ هەستەوە.
2
2
1August 22, 2026 410 5