دۆست: post #4852 — TG.ME

چیرۆکی فیلمەکە لەسەر بنەمای ڕووداوە واقعیەکانی شۆڕشی مەکسیک (1910–1920) نووسراوە: 1. داگیرکردنی زەوییەکان: فیلمەکە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا دەست پێدەکات؛ کاتێک دیکتاتۆری مەکسیک پۆرفیریۆ دیاز پشتیوانی لە خاوەنزەویە دەسەڵاتدارەکان دەکات تا زەوی و گوندەکانی جووتیارە هەژارەکان زەوت بکەن. کاتێک جووتیاران شکات دەکەن، سەرۆک تەنها داوایان لێدەکات «ئارام بگرن» و بچنەوە سەر کارەکانیان. ئیمیلیانۆ زاپاتا (مارلۆن براندۆ) کە جووتیارێکی سەربەرز و لێهاتووە، لەگەڵ برایەکەی (ئەنتۆنی کوێن) و هاوڕێکانی تێدەگەن کە بە یاسا و ئارامگرتن زەوییەکانیان بۆ ناگەڕێتەوە. بۆیە چەک هەڵدەگرن و شۆڕش دژ بە ڕژێم دەست پێدەکەن. لە باکووریش شۆڕشگێڕی ناودار پانچۆ ڤێلا بەشدار دەبێت و پێکەوە ڕژێمی دیکتاتۆری دەڕووخێنن. دوای ڕووخانی دیکتاتۆر، سەرۆکێکی نوێ (مادێرۆ) دێتە سەر حوکم. زاپاتا داوای لێدەکات دەستبەجێ زەوییەکان بگەڕێنێتەوە بۆ جووتیاران، بەڵام دەسەڵاتی نوێش سست دەبێت و کەسانی گەندەڵ دەوری دەگرن. دواتر ژەنەڕاڵێکی خوێنڕێژ بە ناوی هوێرتا کودەتا دەکات و دەسەڵات دەگرێتە دەست. زاپاتا ناچار دەبێت دووبارە بگەڕێتەوە بۆ چیاکان و شەڕ بکاتەوە. فیلمەکە نیشانی دەدات کە چۆن زاپاتا ڕەتیدەکاتەوە ببێتە حاكم و کورسی دەسەڵات هەڵبژێرێت، بەڵکو تەنها دەیەوێت خەڵکەکەی ئازاد بن و خاوەنی زەوی خۆیان بن. لە کۆتاییدا لە ڕێگەی پلانی خەیانەتکارییەوە زاپاتا شەهید دەکرێت، بەڵام بڕوا و بیرۆکەی «زاپاتیزم» لە ناو خەڵکدا وەک ئەفسانەیەک بە زیندوویی دەمێنێتەوە. فیلمەکە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن دەسەڵات دەتوانێت مرۆڤەکان بگۆڕێت؛ تەنانەت ئەوانەی بە ناوی شۆڕشیشەوە دێنە سەر حوکم، ئەگەری هەیە بکەونە هەمان هەڵەی دیکتاتۆرەکانی پێش خۆیان. جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئازادیی راستەقینە کاتێک دێت کە خەڵک خاوەنی بژێوی و زەوی خۆیان بن، نەکو چاوەڕوانی بەزەیی دەسەڵاتداران بن. تێبینی ؛ تۆڕتیا (Tortilla): نانی نەریتی و سەرەکیی خەڵکی مەکسیکە. لە مەکسیکدا لە کۆنەوە تا ئێستاش، تۆڕتیای ڕەسەن لە هەویر و ئاردی گەنمەشامی (Corn / Maize) دروست دەکرێت، نەک گەنم.

August 22, 2026 325 1