دۆست: post #4849 — TG.ME

پاییز نزیکە، با هەڵیکردووە و من لە هۆدەکەی خۆمەوە پەنجەرەم بۆ خستووەتە سەر پشت. ڕەنگە داڵغەی ئەوە لێی دابێتم، لەتەک شەکانەوەی پەردەی ژوورەکەمدا شتێک لە منیشدا ببووژێتەوە و گیانی بێتەوە بەر. باشە، بڵێی ڕەشەبا بیەوێت بەگژ خۆردا بچێتەوە؟ خۆ گەر وا بێت، نامەوێ گەردوون لووتی تێ وەربدات و خۆی بکاتە ناوبژیوانی ئەم دەستەویەخەییە؛ ئای، چەندەم پێ خۆشە ڕەشەبا بکەوێتە خۆی و بە گڤەیەک سوپای هەور و باران بخاتەوە ئامادەباشی! کێ چووزانێ هەور باڵ بەسەر کوێدا دەکێشێت و باران چی دەشواتەوە؟ ئاخر وەرزەکانیش هەڵگری هەزاران ئومێدی شکاو و خەونی دزربردوون. خۆ هەتا نەگەنە جێ، ئێمە دڵنیا نابینەوە لەوەی کە چەندێ خۆشخەیاڵ بووین.
من هەمیشە لەگەڵ سەرمادا هاوئاهەنگ بووم، بە درێژایی بەهار و هاوین دەستم لەژێر چەنەم داناوە و چاولەڕێی پاییز و زستان بووم، بە ئەندازەی تەمەنی پاییز و زستانیش بێئۆقرە و دڵپڕ بووم لەوەی کە دیسان بەهار و هاوینێکی تر بەڕێوەن و یەخەم پێ دەگرنەوە. دەی ئاخر بۆیە دەڵێن مرۆڤ ناحەوێتەوە! تاکە یادگاریی تاڵم لەگەڵ سەرمادا، دەستەتەزیوەکانی ئەو بەرەبەیانەمە کە کۆتا نامەی دەستنووسی خۆمم بە لەشێکی لەرزیوەوە لەسەر پەڕەیەکی ساردوسڕ پێ نووسینەوە. ئا لەوێوە زانیم کە دەشێت جوانترین وەرزەکانی مرۆڤیش هەڵگری تاڵترین یادەوەرییەکان بن، بەڵێ، هەوای شێدار و بۆنی زەوی و درەختە تەڕەکانیش بڕێک جار لێت هەڵدەگەڕێنەوە، لە پشتی خۆتەوە دەست لەگەڵ دووکەڵی نێو گەروو و سییەکانتدا تێکەڵ دەکەن، پێکڕا بە جارێک سەرسنگت دەگوشن و هێندەی تر هەناسەت تەنگ دەکەن. دڵۆپەکانی بارانیش بەرانبەر بە فرمێسکی چاوت ناپاک دەر دەچن، پەیتاپەیتا دەڕژێنە سەر برژانگت و ڕێی دیتنت لێ لێڵ دەکەن. ئای چەندە بێویژدانن، ئەو دەمەی تۆ گەرەکتە لە ڕێی تەماشاکردنی دیمەنی ڕێگەوبانەوە خۆت سەرقاڵ بکەیت، کەچی ئەوان نم نم دادەبارێنە سەر جامی ئۆتۆمبێل و ئەو ترووسکاییەشت لێ تەمومژاوی دەکەن. لە ژوورێڕا هەوریش خۆی گیڤ کردووەتەوە و سەری دونیای بە جارێک داخستووە، وەک ئەو سەرپۆشەی کە بە بێگاری دەدرێت بەسەر سەری نەونەهالێکدا. لەو ساتانەوە دەرک دەکەیت کە ئیدی هەر بە ڕاستی شتێک نەماوە ترووسکایی تێدا بەدی بکەیت، ئەرێ، تەنانەت دڵخوازترین وەرزەکانی ساڵیشت.
ئێستاکە، چیتر جوانییەکانی زستانیش فریوم نادەن، چونکە ئەوانیش جەللادانە گورزی بەزەبری خۆیان لێ وەشاندووم. کتومت دەڵێی دەوران تۆڵەی کەلەپاچەکردنی بووکەڵەکانی منداڵیمم لێ دەکاتەوە، ئەو بووکەڵانەی کە خۆشم دەویستن بەڵام چاویانم هەڵدەکۆڵی، ئاخر من چلۆن زانیبام نەفرەتبارانم دەکەن؟ دەی هەر بەدکارییەک باجێکی هەیە و قایل بە، کە تۆش خەریکی دانەوەی باجی بزێوییەکانتی. لەم بگرەوبەردەیەدا، شتێک هەیە لە هەمووان لێم نزیکترە... چرکە چرکە بە شوێنمەوەیە، دڵنیا نیم لە کوێدا ئیتر قاچەکانم شل دەبن، دەستەوئەژنۆ دادەنیشم و ملی بۆ دەدەم؛ هەر هێندە دەزانم کە لەمێژەیە سەرم لە گێسووی ژیاندایە.
🔥3❤1
August 21, 2026 433 2